بەنزینەکەشی بێ بەرامبەرە
لە بازیان شۆفێر و ئۆتۆمبێل بێ بەرامبەر تەرم دەگوازنەوە
964+
پێشەوا محەمەد
لە قەزای بازیان زیاتر لە ساڵێکە ئۆتۆمبێلێک بێ بەرامبەر تەرم دەگوازێتەوە، ئۆتۆمبێلەکە بە پارەی خێرخوازان کڕدراوە و بەنزینەکەشی لە لایەن بەنزینخانەیەکەوە بێ بەرامبەر دابین دەکرێت، شۆفێرەکەشی پارە وەرناگرێت.
لەو ماوەیەدا کە ئۆتۆمبێلەکە کڕدراوە، 56 تەرمی پێ گواستراوەتەوە و چەند تەرمێک لە قەزای بازیانەوە بردراوەتە شارەکانی دیکە.
هێمن ئەحمەد شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەیە، ئەو فەرمانبەری قایمقامیەتی قەزاکەیە و کاسبکاریشە، بە 964ـی راگەیاند، ئۆتۆمبێلەکەیان بە پارە و هاوکاریی خێرخوازان کڕیوە و لە گەراجێک رایدەگرن و هەرکات تەلەفۆنیان بۆ بکرێت راستەوخۆ دەچن بۆ گواستنەوەی تەرمەکە.
وتیشی، “تا ئێستا 56 تەرمی پێ گواستراوەتەوە و دوای گواستنەوەی هەر تەرمێک ئۆتۆمبێلەکە جوان دەشۆم و لە گەراجەکەی خۆی رایدەگرمەوە”.
لە قەزاکە بەنزینخانەیەک بێ بەرامبەر بەنزین دەدات بە ئۆتۆمبێلەکە و شۆفێرەکەش هیچ بڕە پارەیەک بۆ خۆی وەرناگرێت.
“ئەوکاتانەی لە دوکانی خۆم بم ئەوە ئیشی خۆمە و راستەوخۆ جێیدەهێڵم، کاتێک لە دەوامیشم لە قایمقامیەت مۆڵەتم دەدەنێ و قایمقامی بازیان زۆر هاوکارمە لەوبارەیەوە”، ئەوەش قسەی هێمن ئەحمەدە.