کیلۆی بە پێنج هەزار دینارە

قەزوانەکەی چەمی رێزان خواستی زۆری لەسەرە

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

نۆبەرەی قەزوانی ئەمساڵ لە بازاڕی سلێمانی پەیدا بووە و فرۆشیارێک دەڵێت، خواستێکی زۆری لەسەرە و کیلۆشی بە پێنج هەزار دینارە.

ئەو قەزوانەی ئێستا لەناو بازاڕی سلێمانیدا هەیە هی چەمی رێزانە و دەنکی گەورەیە.

عومەر بەکر، قەزوان فرۆش بە 964ـی راگەیاند، لە چەندان شار و شارۆچکەی دیکە قەزوان پێگەیشتووە، بەڵام دەنکەکانیان زۆر وردە و جارێ نەهێندراونەتە بازاڕ.

وتیشی، “قەزوانەکە کیلۆی بە پێنج هەزار دینارە و رۆژانە نزیکەی 30 کیلۆ دەهێنین و هەمووشی دەفرۆشین، چونکە خواستی زۆری لەسەرە”.

قەزوان بەری داری دارەبەنە و بۆن و تامێکی مزر و خۆشی هەیە و لە زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستان لە سەروەختی پێگەیشتنیدا لەگەڵ ماستاو و ترشیات تێکەڵاو دەکرێت و سوودێکی زۆری تەندروستیشی هەیە.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد