د. بیلال وەهاب دەستنیشانکراوە

زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرێت

964+

ژووری هەواڵ

زانکۆی ئەمریکی لە عێراق – سلێمانی (AUIS)، بڕیاریدا بە دەستنیشانکردنی د. بیلال وەهاب وەک سەرۆک نوێی زانکۆکە و بڕیارە لە رۆژی 1.8.2024 دەستبەکاربێت.

زانکۆکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت،”دوای پرۆسەیەکی ورد و گەڕانێکی نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردنی کاندیدێکی گونجاو کە یەک ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکرد، دکتۆر بیلال دەبێتە جێگرەوەی دکتۆر بڕوس واڵکەر فێرگەسۆن سەرۆکی ئێستای زانکۆکە”.

د. بیلال وەهاب لێکۆڵەرە لە پەیمانگای واشنتن بۆ رۆژهەڵاتی نزیک، پێشتر لە AUIS وانەبێژ بووە، لەوێ سەنتەری گەشەپێدان و سامانە سروشتییەکانی دامەزراندووە، کە پرۆگرامێکی توێژینەوەیە لەسەر نەوت و گەشەپێدان. دکتۆرای بەدەستهێناوە لە زانکۆی جۆرج مەیسۆن؛ ماجستێری لە زانکۆی ئەمریکی بەدەستهێناوە. هاوکات لە میدیای عەرەبی و کوردیدا چەندین بابەتی زانستی نوسیوە.

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆکی دەستەی ئەمینداران و دامەزرێنەری زانکۆی AUIS دەڵێت، “د. بیلال نمونەیەکی بێهاوتای ئەکادیمی و شارەزایی توێژینەوە لەگەڵ خۆی دەهێنێت بۆ بەرەوپێشبردنی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی”.

زانکۆکە لە زاری بلال وەهابەوە بڵاویکردەوە کە ئەو پابەند دەبێت بە بنیاتنان لەسەر ئەو بناغە بەهێزەی کە فێرگەسۆن و کۆمەڵگەی زانکۆکە دایانناوە.

لەمەوبەدوا دەرچووانی 20 زانکۆی هەرێم دەتوانن لە زانکۆک...

لەمەوبەدوا دەرچووانی 20 زانکۆی هەرێم دەتوانن لە زانکۆکانی بەریتانیا بخوێنن