کارگەیەک ریسایکلینی تایە دەکات _ وێنە: Eco Green
سێ رۆژ بەردەوامدەبێ
بۆ تایە و ریسایکلینی ژمارەیەک خاوەن کۆمپانیا دەچنە ئەڵمانیا
964+
ئەحمەد مستەفا
ژمارەیەک لە ئەندامەکانی یەکێتی هاوردە و ناردنکاران دەچنە ساری کۆڵن- ی ئەڵمانیا، تا بەشداری لە پێشانگای نێودەوڵەتی تایەی ئۆتۆمبێل و ریسایکلین بکەن.
لەرێگەی داوەتنامەی فەڕمییەوە سەرۆکایەتی گشتی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بانگهێشت کراوە.
ئەمڕۆ شەممە 18.5.2024، مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، “لە پێشانگاکەدا زیاتر لە هەزار و 150 کۆمپانیای گەورە و بەناوبانگی ئەڵمانی و ئەوروپی بەشدارن و تیایدا بەرهەمەکانیان لە بواری پیشەسازی تایەی هەموو جۆری ئۆتۆمبێک نمایش دەکەن”.
بە قسەی مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، “بەشێکی گرنگی پێشانگەکە تەرخانکراوە بۆ نوێترین ئامێرەکانی رییسایکلین و هاڕین و دووبارە دروستکرنەوەی تایەی ئۆتۆمبێل کە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن وەک دەرفەت سەیری بکەن”.
خولی ئەمساڵی پێشانگاکە لە 4.6.2024 بۆ 6.6.2024 دەکرێتەوە، بە گوێرەی قسەی یەکێتی هاوردە و هەناردەکاران، داوەتنامە و بلیتی چوونە ژوورەوەی پێشانگە بۆ بەشداربووانی هەرێمی کوردستان دابینکراوە.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەکرد، “سەرۆکایەتی گشتی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان لقەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوکی ئاگادارکردووەتەوە، ناونووسین دەستی پێکردووە و هەرئەندامێک خوازیارە دەتوانێت ناوی خۆی تۆماربکات”.