"بۆ سنوورەکە پێویستە"

لە پشدەر داوای دروستکردنی پۆند دەکرێت

964+

محەمەد عەلی ـ پشدەر

دانیشتووانی گوندی مڕە و بێشیر لە ناحیەی هێرۆی سەر بە قەزای پشدەر داوای دروستکردنی پۆند دەکەن، بەڕێوەبەری ناحیەی هێرۆ شوێنەکانیان بە گرنگ دەزانێت بۆ دروستکردنی پۆنداو.

لە قەزای پشدەر هیچ پۆندێکی ئاو‌ بوونی نییە، لەکاتێکدا قەزاکە چەندین سەرچاوەی ئاوی هەیە و شیاون بۆ دروستکردنی پۆند و بەنداوی ئاو.

موحسین حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی هێرۆ بە 964ـی وت، “خەڵکی گوندی مڕە سەر بە ناحیەکەمان پشێنیاری پۆندی ئاویان کردووە لەسەروی گوندەکەیان، بۆ گرنگیدانی زیاتری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، ئێمەش داواکارییەکەمان بە نووسراو ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کردووە، چاوەڕێی لیژنەی لایەنی پەیوەندیدارین بێن بۆ شوێنەکە بزانین گونجاوە یاخود نا”.

وتیشی، “دروستکردنی پۆند لەو شوێنە زۆر گرنگە لە رووی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و کەرتی گەشتیاریدا”.

جگە لە گوندی مڕە، گوندی بێشیر بە هەمان شێوە کە سەرچاوەی ئاوی باشیان هەیە و سەر بە ناحیەی هێرۆن، داوای پۆندێکیان کردووە و داواکاریی ئەوانیش بەرزکراوەتەوە.

لە هەفتەکانی پێشوودا، لە سەرشاشەی تیڤی و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا، دەنگۆی دروستکردنی بەنداوی دەڵگە هەبوو، کە گوایە حکومەتی عێراق دروستی دەکات لە سەر ئاوی زێی بچووک لە پشدەر.

964 پرسیاری دروستکردنی ئەو بەنداوەکەی لە بەکر باییز، قایمقامی قەزای پشدەر کرد، ئەویش وتی، “دوورە لە راستییەوە و بەنداوی دەڵگە هیچ بڕیارێکی لەو جۆرەی بۆ دەرنەچووە‌”.
“عێراق تەرکیز دەخاتە سەر بەنداوی دووکان و دەربەندیخان بۆ سەرڕێژبوونیان تا لە وەرزی هاوین و بەهاردا بگاتە عێراق و سوودی لێببینن، چ پێویستیان بەوە نییە بێن بەنداوێکی تر دروست بکەن کە پێی دەڵێن بەنداوی دەڵگە”، قایمقامی قەزای پشدەر وای وت.

دروستکردنی بەنداوی دەڵگە، زیاتر لە 10 ساڵە داواکاریی هاوڵاتیانی پشدەرە، بە دروستکردنی دڵنیایی بۆ ئاوی پشدەر و بیتوێن مسۆگەر دەبێت و بەنداوەکە زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلاری پێویستە بۆ دروستکردنی.

بە وتەی قایمقامی پشدەر، ساڵانە لە مانگی شەشەوە زێی بچووک نامێنێت و وشک دەبێت بەهۆی گرتنەوەی لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە، ئەوکاتە لە رێگەی بەنداوی کۆڵەسەوە تەنها ئەو ئاوانە دەمێننەوە کە لەناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە هەڵدەقوڵن، “بەهۆی نەبوونی بەنداو یان پۆند، تا ئێستا سوودمان لێوەرنەگرتوون بەهۆی ئەوەی ئیدارەی ئاوەکە نەدراوە”.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد

90 هەزار دانیشتووی پشدەر چاویان لە دەستی ئێرانە ئاویان ...

90 هەزار دانیشتووی پشدەر چاویان لە دەستی ئێرانە ئاویان بۆ بەربداتەوە