دیمەنی دەستبەسەرداگرتنی یەکێک لە بەلەمە چوپەکان لەلایە پۆلیسی دەریاوانی تورکیاوە _ وێنە: دەزگای لوتکە بڵاویکردووەتەوە
ئەمساڵ نۆ هەزار کۆچبەر چوونەتە بەریتانیا
هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە بەریتانیا و هەزار و 500ی دیکە لە یۆنانن
964+
ئەحمەد مستەفا
دەسەڵاتدارانی بەریتانیا ئاماژەیان بەوە کردووە کە زیاتر لە هەزار کۆچبەری نایاسایی لە باکووری فەرەنسا لە 4.5.2024 تا 13.5.2024 گەیشتوونەتە کەناراوەکانی بەریتانیا، بە گوێرەی قسەی نوێنەرێکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، “بەلەمەکانی کۆچبەران لەو ماوەیەدا نەوەستاون لە چوون”.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەڵمەتە ئەمنییەکان و دەستگیرکردنی پەناخوازە رەتکراوەکان بە مەبەستی ناردنیان بۆ رواندا بەردەوامن، بە گوێرەی ئاماری دەزگای لوتکە، “بەو شێوەیە ژمارەی هاتنی کۆچبەران لە سەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتووەتە زیاتر لە نۆ هەزار و 400 کۆچبەر، لە کاتێکدا لە ساڵی2023 دا 29 هەزار و437 کۆچبەر گەیشتوونەتە بەریتانیا”.
پاسەوانی کەناراوەکانی فەرەنسا لە چەند رۆژی رابردوودا، ئەرکی رزگارکردنی جۆراوجۆری ئەنجامداوە، بەپێی فەرمانێکی پارێزگاری پۆلیسی دەریایی لە 13ی ئایار، 49 کۆچبەر رزگارکراون، هەروەها 19 کۆچبەری دیکەش لە 14ی ئایار رزگارکراون.
ئەمڕۆ شەممە 18.5.2024، حسێن حەمەساڵح، نوێنەری دەزگای لوتکە لە بڵاوکراوەیەکدا کە وێنەیەکی گەیشتووە بە 964 دەڵێت، “لە سەرەتای ساڵی 2024 وە زیاتر لە هەزار و 500 کۆچبەری نایاسایی لە وڵاتی لیبیا بەدەریای سپی ناوەڕاستدا و بەنایاسایی، گەیشتوونەتە دوورگەی گاڤدۆسی وڵاتی یۆنان”.
ئەگەرچی خواستی کۆچبەرانی نایاسای وڵاتی ئیتالیایە کە لە کەناراوەکانی لیبیا و باکوری ئەفریقاوە بەڕێدەکەون، بەڵام ئەمساڵ رۆیشتنی بەلەمەکانی کۆچبەران لە تۆبروک لە رۆژهەڵاتی لیبیا بۆ دوورگەی کریتی یۆنانی بووە، بەتایبەت دوورگەی گاڤدۆس کە دوورگەیەکی بچووکە و رووبەرەکەی لە 30 کیلۆمەتر چوارگۆشە زیاتر نییە.
بە قسەی حسێن حەمەساڵح، “ئەوە وایکردووە سەرۆکی شارەوانی دوورگەکە، لیلیان ستیفاناکیس، داوای یارمەتی بکات بەهۆی نەبوونی سەنتەری پێشوازی لە کۆچبەرانی نایاسایی لە دوورگەکەدا، هەروەها زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی دەگەنە گاڤدۆس خەڵکی میسرن و رێژەیەکی کەمیش لە پاکستان و بەنگلادیشەوە هاتوون”.