“لە دادگا یەکلایی دەکەینەوە”

تیکتۆک: دژی ئەمریکا دەجەنگین

+964
عادل کانەبی

دوای ئەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا دەنگی لەسەر پرۆژە یاسایەکدا، کە تیکتۆک ناچار دەکات بەشەکەی خۆی لە ئەمریکا بفرۆشێت و لە بایدانس جیا ببێتەوە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تیکتۆکیش دەڵێت، بێ خەمبن لە مافەکانمان خۆش نابین و دەچینە دادگا.

دوێنێ چوارشەممە سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن، واژۆی لەسەر پرۆژەیاسایەک کرد، کە بە دەنگی 79 ئەندامی کۆنگرێس پەسەند کرابوو، تیکتۆک ناچار دەکات تا مانگی 9ی ئەمساڵ بەشەکەی خۆی لە ئەمریکا بفرۆشێت، ئەگەرنا لە تەواوی ئەمریکا قەدەغە دەکرێت.

لە وەڵامی ئەمەوە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تیکتۆک شو زی چۆ رایگەیاند، بەرامبەر بەو بڕیارەی ئەمریکا بێدەنگ نابن و کەیسەکە دەبەنە دادگا و تانەی لێ دەدەن.

وتیشی، “بەکارهێنەرانی تیکتۆک دڵنیا دەکەینەوە کە جێیان ناهێڵین و لە جەنگەکە بەردەوام دەبین”.

ئەمە یەکەم جار نییە تیکتۆک لە ئەمریکا رووبەڕووی ئەم رەفتارە دەبێتەوە، لە ماوەی رابردوودا چەندین جار ئەپەکە لە چەند ویلایەتێکی ئەمریکا بەر لەو بڕیارەی کۆنگرێس بە تۆمەتی سیخوڕیکردن لە چەند فەرمانەگەیەک قەدەغە کرابوو.

تیکتۆک لە لایەن کۆمپانیای بایدانسی چیینەوە خاوەندارییەتی دەکرێت و ئێستا لە تەواوی جیهاندا سەروو یەک ملیار بەکارهێنەری هەیە.

چین بۆ ئەمریکا: تیکتۆک بۆ فرۆشتن نییە و بەتەمای مەبن

چین بۆ ئەمریکا: تیکتۆک بۆ فرۆشتن نییە و بەتەمای مەبن