بەپێی راپۆرتێکی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ

لە عەفرین هێزەکانی نزیک لە تورکیا خانووی هاوڵاتییان دەفرۆشن

964+

فەهمی نەبی

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە دۆخی عەفرین، لە نوێترین راپۆرتیدا ئاماری پێشێلکاری هێزەکانی نزیک لە تورکیای بڵاوکردەوەتەوە، بەجۆرێک لەم مانگەدا چەندین خانووی هاوڵاتییان لەلایەن ئەو هێزانەوە فرۆشراون.

بەپێی راپۆرتەکە هەر هاوڵاتییەک لە عەفرین دەستکاری خانوەکەی یان شوقەکەی بکات، لەلایەن هێزەکانی نزیک لە تورکیاوە پارەیان لێ وەردەگیرێت.

لەم هەفتەیە “هێزی موعتەسەم” لەرێگای عەفرین بۆ حەلەب داوای چوار هەزار دۆلاریان لە شوقەیەکی نیشتەجێبوون کردووە، هاوکات هێزەکانی “سوڵتان موراد” لە گەڕەکی ئەشرەفیەی عەفرین داوای بڕی سێ بۆ چوار هەزار دۆلاریان لە چوار هاوڵاتی کردووە بەرامبەر رێگەدانیان بە تەواوکردنی خانووەکەیان.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکە هاتووە، لەرێگای سەرەکی عەفرین، سێ هاوڵاتی ویستویانە خانوو دروست بکەن، هێزەکانی “ئەحرار شەرقیە” داوای حەوت تا هەشت هەزار دۆلاری لەهەریەکێکیان کردووە.

لە نزیک پارکی گەڕەکی ئەشرەفیە هێزەکانی کەتیبەی “ریجال حەرب” سێ شوقەی سێ هاوڵاتییان فرۆشتووە هەر یەکێکیان بە هەزار و 300 دۆلار.

هێزەکانی سەربە تورکیا لە ناوچەی شەران لە کێڵگەی جوتیارێک 60 داری زەیتوون و لە باخی جوتیارێکی دیکە 10 داری دیکەی زەیتوونیان بڕیوەتەوە، ئەمەش هەر بەپێی راپۆرتەکەی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ.

چەکدارانی “ئەحرار شەرقیە” و “جەبهە شامیە” لە گەڕەکی ئەشرەفیە دوو خانووی هاوڵاتییانیان فرۆشتووە، یەکیان بە 700 دۆلار و ئەوەی دیکەیان بە 800 دۆلار.

لە گوندی کورکانی عەفرینیش، چەکدارێک خانووی هاڵاتییەکی بە 900 دۆلار فرۆشتووە و هەموو کەلوپەلی ناوماڵەکەشی بە 600 دۆلار فرۆشتووە، ئەمانەش هەر بەپێی راپۆرتەکەی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ.

دوای 58 رۆژ بەرگری شەڕڤانان، رۆژی 18ی ئاداری ساڵی 2018 سوپای تورکیا بە هاوکاری هێزە توندڕەوە سوریەکانی نزیک لەخۆی توانی شاری عەفرین و گوندەکانی دەروبەری داگیربکات، بەپێی راپۆرتی روانگەی سوری ئەو رۆژە سەدان ماڵ و دوکانی هاوڵاتییان تاڵان کران و زیارتر لە دوو هەزار هاوڵاتی کوردی ئەو شارەش تا ئێستا بێ سەروشوێنن.

لە عەفرین 81 دار زەیتون بە بەرچاوی خاوەنەکانیانەوە بڕدر...

لە عەفرین 81 دار زەیتون بە بەرچاوی خاوەنەکانیانەوە بڕدرانەوە