700 خێزان نه‌وت وه‌رده‌گرن

964+
دیلان محه‌مه‌د جه‌زا – سلێمانی

700 خێزان، كه‌ خاوەن پێداویستی تایبەتن، له‌ لایه‌ن خێرخوازێكه‌وه‌ بڕێك نه‌وتیان بۆ دابینكرا، سەرۆکی کۆمەڵەی كه‌مئه‌ندامانیش دەڵێت، دەستی ھەر کەسێک ماچدەکەین ھاوکاری کەمئەندامان بکات.

سامان حوسێن سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھەوڵیانداوە لە رێگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و سەرمایەداران و خێرخوازانەوە نه‌وت بۆ ئه‌ندامه‌كانیان دابین بكه‌ن، بۆ ئەوەی لەم وەرزەدا ماڵی چەند کەمئەندامێک ئاوەدان و گه‌رم بکەنەوە.

باسی لەوەشکرد، یەکێک لە ھەوڵەکان له‌ لایه‌ن خێرخوازێکی شاری سلێمانییه‌ به‌ ناوی مەریوانی حاجی جەمال، كه‌ نه‌وتی بۆ 700 خێزانی خاوەن پێداویستی تایبەت دابینکردووە، ئەو خێزانانە دابەش دەبن بەسەر حەوت رێکخراودا، بۆ ھەر یەکێکیان بڕی 100 بەرمیل دابینکراوە.

وتیشی: “دوێنێ دابه‌شكردنی نه‌وته‌كه‌ ده‌ستپێكردووه‌، داواکارین لە سەرمایەدارەکانی سلێمانی هاوكارییمان بكه‌ن، چونكه‌ خەڵکێكی زۆر دەمێنن و نەوتیان بەر ناکەوێت، بۆیە فریای ژیانی کەمئەندامان بکەون”.

“ھەر لایەنێک و ھەر کەسایەتییەک، ھەر حزبێک ھاوکاری کەمئەندامان بکات، من دەستی ماچدەکه‌م” سامان حوسێن وای وت.
له‌و نه‌وت دابه‌شكردنه‌دا، به‌ پێی زانیارییه‌كانی 964+، ھەر خێزانێک بڕی 100 لیتر نەوت وه‌رده‌گرن.

سه‌رۆكی رێكخراوی كه‌مئه‌ندامانی كوردستان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، ئێستا نزیکەی پێنج ھەزار کەمئەندامیان ھەیە، بەڵام وەک ئەنجومەنی باڵای رێکخراوە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، زیاتر لە 50 ھەزار خاوەن پێداویستی تایبەت ھەیە.