وێنە-سۆشیاڵ میدیا-بەنداوی دوکان و بەنداوی دەربەندیخان
دوکان و دەربەندیخان چاویان لە بارینی بارانە
توانا نەقی – هەولێر دوو بەنداوە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان، كه دوکان و دەربەندیخانن، لە چاوەڕوانی بارانی زیاترن، بەرپرسانی دوو بەنداوەكهش دەڵین، چاویان له زیادکردنی رێژەی ئاوە بۆ بانداوەکان. کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان بە 964+ی راگەیاند، ئێستا بەنداوی دوکان بە رێژەی لە 29٪ ئاوی تێدایە، هەرچەندە باران ئەمساڵ باشتر باریوە، بەڵام رێژەی ئاوی بەنداوەکە لە چاو پارساڵدا زیادی نەکردووە. وتیشی “هۆکاری ئەوەی ئاوەکە بە رێژەیەکی زۆر زیادی نەکردووە، ساڵی پار و پێرار وشکە ساڵی بووە و زەوی وشکە، بۆیه بهنداوهكه هەموو ئەو بارانهی باریوه گلی نهداوهتهوه، بەڵام تا مانگی حوزەیرانی داهاتوو دەتوانین ئاو گلبدەینەوە”. “ئاستی ئاوی بەنداوەکە بگاتە لە 70٪، ئەو کاتە جێگەی دڵخۆشییە و کێشە بۆ ئاوی خواردنەوە و ئاوی کشتوکاڵیش دروست ناکات، بەڵام ئێستا زۆری ماوە بگاته ئهو رێژەیە و ناچارن ئیدارەی ئەو رێژە ئاوە بدەن کە ئێستا هەیە”، کۆچەر جەمال وای وت. 964+ دەزانێت، بەنداوی دوکان توانای گلدانەوەی زیاتر لە شەش ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، جگە لە ئەرکی گلدانەوەی ئاو، کاری بەرهەمهێنانی کارەبا و ئاودانی زهوییە کشتوکاڵییەکانیش دەکات.