کۆنتڕۆڵ کرا

ئاگر له‌ بازاڕی شێخه‌ڵا كه‌وتووەتەوە

964+

ئەحمەد شەمزین

په‌یامنێری 964 رایگه‌یاند، چه‌ند دوكانێك له‌ بازاڕی شێخه‌ڵا ئاگریان گرتووه‌ و تیمه‌كانی به‌رگریی شارستانی گه‌یشتوونه‌ته‌ شوێنه‌كه‌ و خه‌ریكه‌ كۆنتڕۆڵی ده‌كه‌ن.

نوێكرایه‌وه‌ 9:15
ئاگره‌كه‌ی بازاڕی شێخه‌ڵا له‌ لایه‌ن تیمه‌كانی به‌رگریی شارستانیی هه‌ولێر كۆنتڕۆڵ كرا و سێ دوكان به‌ ته‌واوی سووتاون.
هێشتا هۆكاری ئاگره‌كه‌ روون نییه‌، بەڵام بە پێی قسەی ئەوانەی لە رووداوەکە ئامادەبوون، ساردکەرەوەی یەکێک لە دوکانەکان بووەتە هۆی ئاگرەکە.

لەو سێ دوكانەی کە به‌ ته‌واوی سووتاون، یه‌كێكیان كۆگایه‌كی جلوبه‌رگه‌.
هاوكات گرژی و به‌گژیه‌كداچوون له‌ شوێنی ئاگره‌كه‌ روویداوه‌ و پێده‌چێت له‌ نێوان دوكانداره‌كان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بێت.

دوكاندارێك: شه‌وان ده‌ستمان له‌سه‌ر دڵمانه‌

یه‌كێك له‌ دوكاندارانی ئه‌و شوێنه‌ی ئاگری لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ له‌ بازاڕی شێخه‌ڵا، بۆ 964 وتی، چه‌ند جارێكی دیكه‌ ئاگر له‌ نزیك دوكانه‌كانی ئێمه‌ كه‌وتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام چونكه‌ به‌ رۆژ بووه‌، زوو كۆنتڕۆڵمان كردووه‌، شه‌وانه‌ش ده‌ستمان له‌سه‌ر دڵمانه‌ و ترسی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگرمان هه‌یه‌.
وتیشی، داوامان له‌ حكومه‌ت كردووه‌ چاره‌سه‌رێكی مێزه‌كانی به‌رده‌م دوكانه‌كان بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌و به‌شێكی كێشه‌كانه‌ و گرفتی بۆ خاوه‌ن دوكانه‌كان دروست كردووه‌.

دووەم ئاگر لە هەفتەیەکدا

رۆژی 18ی ئه‌م مانگه‌ش ئاگرێكی دیكه‌ لەسەر یەکێک لە بیناکانی بازاڕی شێخەڵای هەولێر کەوتەوە، بەهۆیەوە ده‌یان پارچە لە جلوبەرگی زستانەی یەکێک لە دوکاندارەکانی ئەو بازاڕە سووتا و زیانی ده‌ هه‌زار دۆلار به‌ر خاوه‌نه‌كه‌ی كه‌وت.
ئه‌وكات لە سەربانی بیناکەدا تەلێکی کارەبا هه‌بوو، كه‌ لەسەر چەند بلۆکێک دانرابوو، بۆیە بەشێک لە دوکاندارانی شوێنەکە پێیان وابوو ئاگرەکە لەو تەلەوە دروست بووە.

لینکی راستەوخۆی رووداوەکە:

داڕشتنەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

ئاگرەکەی بازاڕی شێخەڵای هەولێر کۆنتڕۆڵ کرا

ئاگرەکەی بازاڕی شێخەڵای هەولێر کۆنتڕۆڵ کرا