بە دەرزەنێک خاڵ روونکراوەتەوە

کێشەکانى کۆکردنەوەى پارەى ئاوى ماڵان لە سنوورى راپەڕین بەردەوامە

964+

وریا فەتاح

کێشەکانى کۆکردنەوەى پارەى ئاوى ماڵان لە سنورى راپەڕین بەردەوامە و لیژنەى سەرپەرشتیارى پڕۆژەکەش بە 12 خاڵ روونى دەکاتەوە، بەڕێوەبەرى ئاوى راپەڕینیش دەڵێت: کۆمپانیا وەک پێویست ئیشەکانى جێبەجێ ناکات و کێشەى بۆ هاوڵاتیان دروستکردووە.

دواى ئەوەى لە 9.11.2023 تا 1.3.2024، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى ئاوى هەرێمەوە سیستمى کۆکردنەوەى پارەى ئاوى ماڵان لە سنورى زۆنى چوار کە سنورى ئیدارەى راپەڕین بەشێکە لەو زۆنە راگیرا، بەڵام تائێستا کێشەکان چارەسەر نەکراون.

زۆنى چوار پێکدێت لە (هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین) کە لەلایەن کۆمپانیاى ئۆرانۆسەوە ئیش لەسەر بەسیستمکردنى کۆکردنەوەى کرێى ئاوی ئەو چوار زۆنە دەکرێت، بەڵام بەپێى ئەو کێشەیەى دروستبووە، زیاد لە 5 مانگە کۆکردنەوەى پارەى ئاو و مامەڵەى ئاو کێشەى بۆ دروستبووە.

لیژنەى سەرپەرشتیارى سیستەمەکە کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتى ئاوى راپەڕینە، بە 10 خاڵ کێشەکانى روون کردووەتەوە.

لە نوسراوێکدا کە وێنەیەکى بەدەست 964 کەوتووە، لیژنەکە روونى کردووەتەوە دواى ئەوەى لە 1.3.2024ـەوە جارێکى دیکە رێگەدرایەوە بە کۆمپانیا کە کارەکانى دەستپێبکاتەوە بەو مەرجەى لە ماوەى دوو مانگدا کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام زیاتر لە 45 رۆژ تێدەپەڕێت، وەک لیژنەکە باسى دەکات کێشەکان خراپتر بوو و چەندین ئۆفێس داخراون.

لیژنەکە بەم شێوەیە کێشەکانى خستووەتەڕوو:

یەکەم: لە سنورى ئۆفێسى رانیە کارمەندێکى کاشێر کەمکراوەتەوە و تەنیا شەش عەداد کاردەکات بۆ نزیکەى 23 هەزار هاوبەش.

دووەم: لە سنورى فەرمانگەى قەڵادزێ تەنیا یەک کاشێر و سێ عەداد بۆ نزیکەى 19 هەزار هاوبەش دانراوە و کارمەندێک کەم کراوەتەوە.

سێیەم: لە سنورى فەرمانگەى چوارقوڕنە تەنیا 2 کاشێر و 2 عەداد کاردەکات بۆ نزیکەى 12 هەزار هاوبەشى ئاو.

چوارەم: لە سنورى فەرمانگەى حاجیاوا 2 کاشێر و 2 عەداد کاردەکات بۆ نزیکەى 13 هەزار هاوبەش.

پێنجەم: لە سنورى فەرمانگەى سەنگەسەر هیچ کارمەند کارناکات و ئۆفێسیش داخراوە.

شەشەم: لە سنورى فەرمانگەى ژاراوە یەک کاشێر و یەک عەداد کاردەکات.

حەوتەم: لە سنورى فەرمانگەى سەروچاوە تەنیا کاشێر کاردەکات و عەداد کار ناکات.

هەشتەم: لە سنورى فەرمانگەى سەرکەپکان هیچ ئۆفێسێک نیە، واتا کارمەندى کاشێر نیە و تەنیا یەک عەداد کاردەکات.

نۆیەم: لە سنورى فەرمانگەى شکارتە هیچ ئۆفێسێک نیە، واتا کارمەندى کاشێر نیە و تەنیا یەک عەداد هەیە و هیچ کارێک لە سنورى فەرمانگەکە ناکرێت.

دەیەم: لە سنورى فەرمانگەى هەڵشۆ هیچ ئۆفێسێک نیە، واتا کارمەندى کاشێر نیە و لەم خولەدا کارمەندى عەداد کارى نەکردووە.

یانزەهەم: لە سنورى فەرمانگەى هێرۆ هیچ ئۆفێسێک نییە، واتا کارمەندى کاشێر نیە و لەم خولەدا کارمەندى عەداد کارى نەکردووە.

دوانزەهەم: لە سنورى فەرمانگەى ئیسێوە هیچ ئۆفێسێک نییە، واتا کارمەندى کاشێر نیە و لەم خولەدا کارمەندى عەداد کارى نەکردووە.

سیستەمەکە ناوى ئۆراکڵە و هەموو کوردستان بەو سیستەمەوە بەستراوەتەوەوە کراوەتە چەند زۆنێک و هەر ئەدمینێک کە پێى دەوترێت کاشێر بە کۆد و پاسۆردى تایبەتى خۆى دەچێتە ناو سیستەمەکە و داتاکانى زۆنەکەى دەبینێت و دەتوانێت ئیشى تێدا بکات و داتا سەنتەرى سیستەمەکەش لە هەولێرەوە ئیدارەى سیستەمەکە دەدرێت، بەڵام کارمەندى عەداد کە بە کوردى پێى دەوترێت بژمێر، ئیشى ئەوەیە ماڵ بە ماڵ دەگەڕێت و پێوەرى ئاو دەخوێنێتەوە و پسوڵە دەردەکات و پارەى ئاو بەپێى خوێندنەوەى پێوەرى ئاو وەردەگرێت.

لە نوسراوەکەدا لیژنەکە روونى کردووەتەوە، لەئێستادا لە سنورى فەرمانگەکانى (شکارتە و سەنگەسەر و هێرۆ و هەڵشۆ و ئیسێوە)، هیچ کارێک ناکرێت و لە سنورى فەرمانگەکانى تر کار دەکرێت، بەڵام کارمەند زۆر کەمکراوەتەوە بەتایبەت کارمەندى عەداد و لەئێستادا بەهۆى بڕیارى داشکاندنى کرێى ئاو قەرەباڵغى زۆر لە ئۆفێسەکانى رانیە و قەڵادزێ دروستبووە.

ئاشکراشى کردووە، لە داشکاندنى 15%ـى کرێى ئاو، بەهۆى راگرتنى کارەکانى کۆمپانیاى ئۆرانۆس، هاوڵاتیانى سنورى ئیدارەى راپەڕین سوندمەند نەبوون لە بریارەکە، ئێستا کە داششکاندن بۆ 20% زیادکراوە، ئەگەر کارەکان دەستپێنەکاتەوە یان بە سستى بەڕێوە بچێت، هاوڵاتیان ناتوانن سودمەند بن.

لەسەر ئەم کێشەیە، 964 پەیوەندى بە سەلام عومەر، بەڕێوەبەرى ئاوى راپەڕینەوە کرد، ئەو وتى،”کێشەکان بەردەوامن، کۆمپانیا وەک پێویست کارەکانى ناکات و کارمەندەکانى کەمکردووەتەوە کێشە بۆ هاوڵاتیان دروستبووە، بۆیە وەزارەتى و بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئاومان ئاگادار کردووەتەوە”.

باسى لەوەشکرد، وەک ئاوى راپەڕین چەکى قورسیان ئەوەیە تەنیا دەتوانن سیستەم راگرن، ئەوەش یەکەمجار حکومەت زیانى لێدەکات دواى هاوڵاتى و ئینجا کۆمپانیا.

964 ویستى بۆچونى کۆمپانیاى ئۆرانۆس بزانێت کە جێبەجێکارى پڕۆژەى بەسیستمکردنى کرێى ئاوى ماڵانە لە سنورى راپەڕین، بەڵام سۆران عەلى، بەڕێوەبەرى زۆنى راپەڕین لە کۆمپانیاى ئۆرانۆس، وەڵامى پەیوەندییەکەى نەدایەوە.

+964صورة من منصة (شبكة):
داهاتى ئاو لە هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیان بووەتە سفر

داهاتى ئاو لە هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیان بووەتە سفر