قایمقامیەتی سلێمانی
بەهۆی سەرپێچییەوە 21 کارگە و شوێنی پیشەسازی سزادران
964+
پەری ساڵح
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ئاماری کاروچالاکییەکانی مانگی رابردووی لیژنەی ژینگەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکانەوە 21 شوێن سزادراون.
بەپێی راگەیەندراوێکی راگەیاندنی قایمقامیەتی سلێمانی، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی ژینگە و تەندروستی گشتی و پاکڕاگرتنی شارەکە، لیژنەی ژینگە لە ماوەی مانگی 10 دا سەردانی 64 کارگە، ناوچەی پیشەسازی و شوێنی بازرگانییان کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئامانج لە سەردانە رۆژانەکانی لیژنەکە دڵنیابوونەوەیە لە جێبەجێکردنی مەرجە ژینگەییەکان و رێگریکردنە لە هەر جۆرە کارێک کە ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگەی سلێمانی، لە ئەنجامی پشکنینە وردەکانیشدا، دەرکەوتووە کە 21 لەو شوێنانە سەرپێچییان کردووە و بەو هۆیەوە پسوڵەی سەرپێچییان بۆ کراوە و سزادراون.
قایمقامیەتی سلێمانی جەخت دەکاتەوە کە چاودێرییەکانیان لە رێگەی 31 لیژنەی پسپۆڕی تایبەتمەندەوە بۆ سەر بازاڕ، شوێنە گشتییەکان و ناوچە پیشەسازی و بازرگانییەکان بەردەوام دەبێت، هاوکات داواش لە خاوەن کارگە و پڕۆژەکان و کاسبکاران دەکات پابەندی تەواوی رێنماییەکان بن، تاوەکو دووچاری سزای یاسایی و داخستن نەبنەوە.