24ـى 4ـى قەڵادزێ

یادى 50 ساڵەى کارەسات و بۆردومان

964+

وریا فەتاح

50 ساڵى رێک بەسەر بۆردومانکردن و کارەساتى 24.4.1974ـى شارى قەڵادزێدا تێدەپەڕێت، کە تێیدا زیاد لە 400 کەس شەهید و بریندار بوون.

لەو ساڵەدا کە زانکۆى سلێمانى گواسترابوویەوە بۆ قەڵادزێ، خوێندکاران و دانیشتووانى قەڵادزێ بۆ پاڵپشتى شۆڕش گردبوونەوە، بەڵام رژێم بە چەکى جۆرى ناپاڵمى قەدەغەکراو رووبەڕوویان بووەوە و زیاتر لە 400 کەسى لە ژن و منداڵ و گەنج و پیر، کوشت و کاولکارییەکى گەورەشى بەسەر شارەکەدا هێنا.

بۆردومانەکە کاتژمێر 9:45 خولەکى ئەو رۆژە دەستیپێکرد و 167 کەس کوژران و 250 کەسى دیکەش بریندار بوون.

لە یادى ئەو کارەساتەدا و دواى نۆ ساڵ و لە 24.4.1982، خەڵکى قەڵادزێ بۆ یادى کارەسات و رێزگرتن لە شەهیدانى کارەساتەکە دژ بە رژێم راپەڕین و بۆ ماوەى سێ رۆژ ناوچە سەرەکییەکانى پشدەر کەوتە دەست هاوڵاتیان، بەڵام لەو راپەڕینەدا دوو ژن کە بە سیمبوڵى 24ـى 4 ناسراون بە ناوەکانى مامۆستا سنەوبەر مەحمود و ئامینەخان، شەهید دەبن و 12 کەسى دیکەش بریندار دەبن، کە دواتر یەکێک لە بریندارەکان بەناوى ئامانج رەشید گیان لەدەستدەدات و 72 کەسیش دەستگیر دەکرێن.

حەمە زرنگ، ئەندامى شارەزایانى بوارى جینۆسایدى جیهانى و یەکێک لە دەستگیرکراوانى راپەڕینى 24.4.1982، بۆ 964 قسەى کردووە و دەڵێت، لە 1974 قەڵادزێ ناوەندى شۆڕش بوو، تاکە ناوچە بوو رژێم کۆنتڕۆڵى بەسەردا نەدەشکا، بۆیە لە رێى ئەو کارەساتەوە رژێم ویستى زیان بە قەڵادزێ و شۆڕش بگەیەنێت.

لە بارەى راپەڕینى 24.4.1982، وتى،”یەکێک بووم لە دەستگیرکراوەکان، ئەوکات تەمەنم 20 ساڵ بوو، بەڵام چونکە ناوچەکە لەلایەن دانیشتووانەوە کۆنتڕۆڵکرابوو، سەدام حوسێن بۆ دامرکاندنەوەى توڕەیى خەڵک مەرسومێکى سەرۆکایەتى دەرکرد و هەموو دەستگیرکراوەکان ئازاد کران”.

ئەو پێى وایە، تائیستا ژمارەیەکى دروستى شەهیدان تۆمار نەکراوە، چونکە بەشێک لە بریندارەکانى 1974 لە گوندەکان و لە سنوورى ئێران دواتر گیانیان لەدەستداوە.

قەڵادزێ ناوەندى قەزاى پشدەرە، دەكەوێتە باكووری رۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانى، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێڕاق دەكەوێتە بەشی باكووری خۆرهەڵات.

پشدەر، لە سەردەمی سەرۆک وەزیران جەمیل مەدفعى و لە 25.5.1938 بووە بە قەزا، یەكەی كاڕگێڕییەکەى پێكدێت لە سەنتەری قەزا(قەڵادزێ‌)، ناحیەکانى سەنگەسەر، ژاراوە، هەڵشۆ، هێرۆ، ئیسێوە.

پیتی بارزەکانی پارکی شار لە قەڵادزێ شکێندران

پیتی بارزەکانی پارکی شار لە قەڵادزێ شکێندران