سزای لەسێدارەدانی هەبوو

هونەرمەندێکی کورد لە ئێران پێنج ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا

964+

ژووری هەواڵ

دادگای شۆڕشی تاران سزای پێنج ساڵ زیندانی و بڕیاری دوورخستنەوەی بۆ پارێزگای کرمان بەسەر سامان یاسین، هونەرمەندی کوردی یارسانی خەڵکی کرماشان سەپاند، پارێزەرەکەشی دەڵێت، تانە لەو بڕیارە دەدەن.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، لە دوای ساڵێک و هەشت مانگ لە راگرتنی لە زینداندا، دادگای شۆڕش لە تاران ئەو سزایانەی سەپاندووە بەسەر سامان یاسین و بڕیاردراوە دووریشبخرێتەوە بۆ گرتووخانەی شارۆچکەی بابەک لە پارێزگای کرمان.

حوسێن سەرتیپی، پارێزەر لە ناوەندی پارێزەرانی ئێران رایگەیاندووە، لەبەرئەوەی سامان یاسین زیاتر لە 18 مانگ لە زیندانەکاندا راگیرابوو، تانە لە بڕیاری پێنج ساڵ زیندانی و دوورخستنەوەی بۆ گرتووخانەی شارۆچکەی بابەک دەدات.

بە وتەی پارێزەرەکەی، بڕیاری لەسێدارەدان کە پێشتر بە تۆمەتی “موحاربە” بەسەر ئەم هونەرمەندەدا سەپێنرابوو، گۆڕدراوە بۆ پێنج ساڵ زیندانیکردن.

سامان سەیدی، ناسراو بە سامان یاسین، لە دوای پشتیوانیی لە راپەڕینەکانی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ئێران، لە 2ی تشرینی یەکەمی 2022 لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکرا و گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی رەجائی شار لە کەرەج.

سزای لەسێدارەدان سەپێندرا بەسەر هاوڵاتییەکی رۆژهەڵات...

سزای لەسێدارەدان سەپێندرا بەسەر هاوڵاتییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان