بەتۆمەتی "سیخوڕیکردن"
سزای لەسێدارەدان سەپێندرا بەسەر هاوڵاتییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان
964+
ژووری هەواڵ
هاوڵاتییەکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەتۆمەتی “سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، رێکخراوێکی مافی مرۆڤیش دەڵێت، لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی زۆردا بووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22.2.2024، ژیلا موستەجیر، لە رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بە 964ـی راگەیاند، ئەو هاوڵاتییەی سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە بەناوی شاهین وەساف له خۆپیشاندانهكانی ساڵی 2022 گیراوه و تۆمهتی سیخوری بهسهردا سهپێندراوه.
شاهین وەساف خەڵکی سەڵماس لە ساڵی 2022 لەگەڵ هاوڕێیەکی دیکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە شاری ئورمیەوە دەستبەسەر کرابوو، تەمەنی 27 ساڵە و لە رۆژی 3.10.2023 لە بەندینخانەی ناوەندی ئورمیە بەشێوەی فەرمی پێیانراگەیاندووە کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.
رێکخراوی هەنگاو دەڵێت، “دایشتنی دادگای ئەم دوو هاووڵاتییە بەبێ هەبوونی پارێزەر بەڕێوەچووە و ناسر وەساف [هاوڕێی شاهین وەساف] رۆژانی رابردوو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کراوە”.
دەشڵێت، ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەریدا لە مافی هەبوونی پارێزەر و دیتنی بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.