جۆن ئاڵن

لە باشترین مامۆستاى “مانگ”ـەوە بۆ هەوڵى تیرۆرکردنى ترەمپ

964+

وریا فەتاح

کاتژمێر دوای کاتژمێر، ناسنامە و پاشخانی ئەو گەنجەی هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپی دا، جیهان و ئەمریکییەکانیش تووشی شۆک دەکات. (کۆل ئالن) ئەو گەنجە 31 ساڵەیە کە لە جیاتی تاقیگەکان، ئێستا لە زینداندایە.

بەپێى هەواڵێکى فۆکس نیوز، ئەوەی ئەم کەیسە دەگمەن دەکات، پاشخانی زانستیی (ئالن)ـە. ئەو تەنیا چەکدارێکی ئاسایی نییە، بەڵکو ئەندازیارێکی بلیمەتە و دەرچووی زانکۆی (کالتێک)ـە کە یەکێکە لە بەهێزترین زانکۆکانی جیهان. تەنانەت وەک توێژەر لە ئاژانسی “ناسا” کاری کردووە و پسپۆڕی بووە لە بواری دروستکردنی ڕۆبۆت و یارییە ئەلیکترۆنییەکاندا.

پێشتر یارییەکی ئەلیکترۆنیی بەناوی “First Law” دروست کردووە کە یارییەکی تەقەکردن و جەنگییە. ئێستا میدیاکانی ئەمریکا دەپرسن: ئایا ئەو گەنجە ئەوەندە نوقمی ناو یارییە ئەلیکترۆنییەکان بووە کە نەیتوانیوە جیاوازیی لە نێوان “یاری” و “واقیع”دا بکات؟.

لایەنێکی تری ژیانی (ئالن) ئەوەیە کە مامۆستایەکی سەرکەوتوو بووە و تەنیا دوو ساڵ لەمەوبەر وەک “باشترین مامۆستای مانگ” لە ناوەندێکی پەروەردەیی خەڵات کراوە. هەروەها لە رووی سیاسییەوە لایەنگری دیموکراتەکان بووە و لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا بە پارە هاوکاریی کەمپەینی (کامالا هاریس)ی کردووە.

ئالن بە چەندین چەکەوە هێرشی کردووەتە سەر بازگەیەکی ئەمنی لەبەردەم هۆتێل هێڵتۆن. سەرەتا تەقەی لە ئەفسەرێکی پاراستنی سەرۆک کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەفسەرەکە هێلەکی دژە گولـلەی لەبەردا بووە، گیانی رزگاری بووە. دوای تەقەکردنێکی زۆر، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە بەبێ بریندارکردن، ئالن دەستگیر بکەن.

دۆناڵد ترەمپ هێرشبەرەکەی بە مرۆڤێکی زۆر نەخۆش ناوهێنا. ئێستا ئەم گەنجە بە چەندین تۆمەتی وەک “هەوڵی کوشتنی فەرمانبەری فیدراڵی” و “تاوانی توندوتیژی” رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و ئەگەری هەیە بۆ هەتاهەتایە لە زینداندا بمێنێتەوە.