جموجۆڵێکی نوێی دیپلۆماسی

عێراقچی دەگەڕێتەوە پاکستان و باس لە دەسپێكردنەوەی دانوستان دەكرێت

964+

فەرهاد حەسەن

واشنتن و تاران ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتودا كۆببنەوە و بەگوێرەی میدیای فەرمی ئێران عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی، دوای سەردانەکەی بۆ عومان جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە بۆ پاکستان. هەروەها بەشێک لە شاندە یاوەرەکەی عەراقچی بۆ راوێژی بەپەلە گەڕاونەتەوە تاران و بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە لە ئیسلام ئاباد دووبارە یەبگرنەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران، لە هەواڵێكدا بڵاویکردەوە کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەی بۆ مەسقەتی پایتەختی عومان، دوبارە دەگەڕێتەوە بۆ شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، ئەوەش دوای ئەوەی سەردانە یەك رۆژییەكەی لە پاكستان كۆتاییپێهێنا و دواتریش گەیشتە عومان.

سەبارەت بە بەو شاندە یاوەرەی كە لەگەڵ وەزیری دەرەوە لە پاكستان بوون، میدیای فەرمی ئێران دەڵێت، “بەشێک لە ئەندامانی شاندەکە لە پاکستانەوە گەڕاونەتەوە بۆ تاران تاوەکو راوێژی پێویست لەگەڵ ناوەندی بڕیار ئەنجامبدەن. بڕیار وایە ئەم ئەندامانە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە دووبارە بگەڕێنەوە بۆ ئیسلام ئاباد و پەیوەندی بە عێراقچییەوە بکەنەوە”.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”یش کە پشتی بە زانیارییەکانی دیپلۆماتکارێکی ئێرانی و چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بەستووە، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی چەند رۆژی داهاتودا شاندەکانی واشنتن و تاران کۆبونەوەیەک ئەنجامبدەن.

ئێوارەی دوێنێ شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی عەباس عێراقچی دوای رۆژێک لە کۆبونەوەی ئاستبەرز لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پاکستان، ئیسلام ئابادی جێهێشت و چاوەڕوانی شاندی ئەمریكای نەكرد بۆ ئەنجامدانی دانوستان، وەزیری دەرەوەی ئێران وتی، “هەڵوێستی ئێرانم لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگ خستەڕوو، ئێستا دەبێت چاوەڕێ بکەین و ببینین ئایا ئەمریکا بەڕاستی لە هەنگاوی دیپلۆماسیدا جدییە یان نا”.

لایخۆشییەوە هەر دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا هەڵوەشاندنەوەی سەردانی نێردراوەكانی وڵاتەكەی بۆ پاکستان راگەیاند، کە ئامانج لێی تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان بوو لەگەڵ ئێران و وتیشی، “پێویست ناكات شاندەكەمان 18 كاتژمێر بە فڕۆكە بڕۆن لەوێ دانیشن و باسی هیچ نەكەن و ئێران دەتوانێت پەیوەندیان پێوەبكات بۆ گفتوگۆ”.

عێراقچی: گفتوگۆى راستەوخۆمان لەگەڵ ئەمریکا نەبووە

عێراقچی: گفتوگۆى راستەوخۆمان لەگەڵ ئەمریکا نەبووە