ئاوەکە زیادی کردووە

چێشتخانەیەکی دوکان و ژمارەیەک کەپر وا ژێر ئاو دەکەون

ئەحمەد مستەفا

بەرزبوونەوەی بەردەوامی 20 سانتیمەتر ئاو، لەناو بەنداوی دوکان، چێشتخانە و ژمارەیەک کەپری گەشتیاریی لە قەزای دوکان نزیک کردووەتەوە لەوە بە تەواوی ژێرئاو بکەون.

چێشتخانە و کەپرەکانە دەکەونە سەروی بەنداوەکە، لەگەڵ ئەوان ژمارەیەک گرد و تەپۆلکەش بە تەواوی ژێرئاکەوتوون.

بە گوێرەی سۆراغی 964، چێشتخانەکە لە رۆخی دەریاچەکە دروستکراوە، قاتیکی ژێر ئاوکەوتووە، وەک ئامادەکاری فریاگوزاری، تەواوی کەلوپەلەکانی ناو چێشتخانەکە لابراون، کارەباکەشی تەواو لێکراوەتەوە.

کاربەدەستانی بەنداوەکە دەڵێن، رۆژانە ئاوی کۆگاکراو 20 سانتیمەتر زیادەکات، پێشبینی وایە لە رۆژانی داهاتوو چێشتخانەکە بە تەواوی ژێرئاو بکەوێ و کەپرەکانیش ئاو باتە نیوەیان.

بەپێی داتاکان، ئێستا زیاتر لە پێنج ملیار و 59 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکە گلدراوەتەوە و ئاستی قوڵی ئاوەکەش 511 مەترە و تەنیا چوار مەترێک ماوە پڕببێت.