کاتی کارکردن لە بۆرییە شکاوەکەدا - وێنە: شارەوانیی سلێمانی
کێشەی بۆ شەقامەکە دروستکردووە
شکاویی بۆرییە ئاوەڕۆکەی شەقامی مەلیک مەحمود چارەسەر کرا
پێشەوا محەمەد
زیاتر لە مانگێکە بۆرییەکی ئاوەڕۆی شەقامی مەلیک مەحمود لە شاری سلێمانی پچڕابوو، بەڵام شارەوانی دەڵێت، چاککراوەتەوە و کێشەی نەماوە.
بۆرییەکە لە نزیک هۆتێل تایتانیکەوە پچڕابوو و بووبووە هۆی ئەوەی بەردەوام ئاوێکی زۆر بگەڕێتەوە سەر شەقامی گشتیی 60 مەترییەکە بەتایبەت لە کاتی بارانباریندا.
زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی هۆکاری درەنگ چاککردنی بۆرییەکەی بۆ 964 روونکردەوە و وتی، “کێبڵی کارەبا و ئینتەرنێت لەو شوێنەدا هەبوو بۆیە چارەسەرکردنەکەی دواکەوت.
وتیشی، “تەواوی کارەکانی کراوە و بۆرییەکە گۆڕدراوە و بۆکسێکی بۆ کراوە و بە ئاوەڕۆی سەرەکیی شەقامەکەشەوە بەستراوەتەوە”.
پێشتریش لە چەند شەقامێکی ناوشاری سلێمانی شکانی بۆری هەبووە کە کێبڵی کارەبا و ئینتەرنێتیان بەسەرەوە بووە و بەو هۆیەوە کاری چاککردنەوەیان دواکەوتووە.
زەردەشت رەفیق ئاماژەی بەوەش دا، لە چەند رۆژی داهاتوودا کاری قیرتاوکردنەوەکەشی دەکەن و شەقامەکە ئاسایی دەبێتەوە.
لەکاتی کارکردن لە چاککردنی ئەو بۆریی ئاوەڕۆیەدا بەشی لاوەکیی شەقامەکە لەو شوێنەدا گیرابوو.