چوار چەکدار کوژراون

لە حەویجە فرۆکەی جەنگی بۆردومانی چەکدارانی داعشی کرد

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

درەنگانی ئەمشەو فڕۆکەی جەنگی عێراقی بەهاوکاری هاوپەیمانان و دژە تیرۆری عێراقی، مەفرەزەیەکی چەکدارانی داعشیان لە گوندێکی ناحیەی زابی سەر بە قەزای حەویجە  کردە ئامانج و بە پێ زانیارییە سەرەتاییەکان چوار چەکدار کوژراون.

سەرچاوەیەکی هەواڵگری سەربازی بە 964ـی وت، دوای چاودێری و بەدواداچونێکی هەواڵگری وردی هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزە عێراقیەکان گروپێکی چەکدارانی رێکخراوی داعش لە رێگای فڕۆکەی جەنگی F16-وە کرانە ئامانج و دوای نیو کاتژمێری دیکە جارێکی دیکە فڕۆکە هەمان شوێنی بۆردوومان کردەوە.

سەرچاوەکە وتیشی بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان چوار چەکداری رێکخراوی داعش کوژراون، بڕیارە کەمێکی دیکە دژە تیرۆری عیراقی روماڵی ناوچەکە بکات و تەرمەکان هەڵبگرێتەوە.

غازی فەیسەڵ فەرماندەی هێزە خۆبەخشە کوردەکان لە ناوچەی سەرگەڕان و دەوروبەری بە 964ـی وت، بۆردومانەکە بە دیاری کراوی لە ناوچەی  دەنادیشی گوندی حەلوات لە قەراخ زێ سەر بە ناحیەی زاب بووە کە هاوسنوورە لەگەڵ ئێمە.

ئەوەشی وت، “ئێمە هیچ رۆڵێکمان تێدا نیە و تەنیا چاودێری سنورەکەی خۆمان دەکەین  پاشماوەی چەکدارەکان لە زێیەکە  نەپەڕنەوە بۆ گوندە کوردنشینەکان”

بە فڕۆکەی F-16 هێرش کرایە سەر چەکدارانی داعش لە کەرکوک

بە فڕۆکەی F-16 هێرش کرایە سەر چەکدارانی داعش لە کەرکوک