کۆیە

گەنجێک لە خنکان رزگارکرا و تەرمى هاوڵاتییە خنکاوەکەش تائێستا نەدۆزراوەتەوە

وریا فەتاح

دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ هەینى، گەنجێکى تەمەن 24 ساڵ لە زێى بچوک لەلایەن تیمى مەلەوانى بەرگرى شارستانى کۆیە لە خنکان رزگارکرا و تائێستاش تەرمى ئەو هاوڵاتییە نەدۆزراوەتەوە کە بەیانى ئەمڕۆ لە زێى بچوکدا خنکاوە.

بەرگرى شارستانى کۆیە بڵاوى کردەوە، کاتژمێر 2:20 خولەکى دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ هەینى، کارمەندەکانیان لە تیمى مەلەوانى توانیان هاوڵاتییەکى تەمەن 24 ساڵ لە زێى بچووک لە سنورى ناحیەى ئاشتى لە سەیرانگاى بۆگد رزگار بکەن.

گەنجەکە، دانیشتوى شارى کەرکوکە و بەمەبەستى گەشت و سەیران رووى لە سەیرانگاکە کردووە.

لەلایەکى دیکەوە، تائێستا تەرمى ئەو هاوڵاتییە نەدۆزراوەتەوە کە بەیانى ئەمڕۆ لە زێى بچوک لە سنورى ناحیەى تەقتەق لە کاتى مەلەکردندا خنکا.