بە هەرێمى کوردستانیشەوە
حکومەتى عێراق ئامادەیە بۆ وەرگرتنى زیاتر لە حەوت ملیۆن تۆن گەنمى جوتیاران
964+
وریا فەتاح
وەزارەتى کشتوکاڵی حکومەتی عێراق رێککەوتنێکى لەگەڵ وەزارەتى بازرگانى کردووە بۆ وەرگرتنى بەرهەمى گەنمى ئەمساڵ، پێشبینیش دەکات بەرهەمى ئەمساڵى گەنم حەوت ملیۆن تۆن تێپەڕێنێت.
محەمەد خەزعەلى، وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق بە ئاژانسى هەواڵی عێراقى راگەیاندووە، ئامادەکارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتى بازرگانى لە ئاستێکى پێویستدایە بۆ وەرگرتنى بەرهەمى گەنمى جوتیاران، بەتایبەت لە ئامادەکردنى کۆگا و سایلۆى پێویست بۆ ئەو بابەتە.
وتەبێژەکە پێشبینى دەکات بەرهەمى ئەمساڵى گەنمى جوتیارانى عێراق بە هەرێمى کوردستانیشەوە، حەوت ملیۆن تۆن تێپەڕێنێت.
جەختیش لەوەکراوەتەوە، هەموو لایەنەکان ئاسانکارى پێویست دەکەن لەسەرخستنى وەرزى دروێنە و پڕۆسەى وەرگرتنى بەرهەمى گەنم و تەرخانکردنى پارەى پێویست بۆ جوییاران لە ماوەیەکى کورتدا.
رۆژى پێنجشەممەى رابردوو 11.4.2024، وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە راگەیەندراوێكدا دەستپێكردنی وەرزی بە بازاڕكردنی گەنمی جوتیارانی لە باشووری عێراق بۆ ساڵی 2024 راگەیاند.
ئەوکات نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، گەنمی هەرێم درەنگ پێدەگات، بۆیە هێشتا دەستیان نەکردووە بە وەرگرتنی لە جوتیاران.
بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، وەرگرتنەكە لە پارێزگای موسەننا-وە دەستیپێكردووە و دواتریش سەرجەم پارێزگاكانی دیكە دەگرێتەوە.
لە كۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردرا گەنمی ئەمساڵی جوتیاران بە 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێك بکڕنەوە.