ناوی ئۆڤاکۆیە

تورکیا دەروازەیەکی نوێ لەگەڵ عێراق دەکاتەوە

پێشەوا محەمەد

تورکیا بە نیازە دوای ئیبراهیم خەلیل، دووەم دەروازەی سنووریی خۆی لەگەڵ عێراق بکاتەوە.

وەک ئەوەی میدیای تورکیا بڵاویکردووەتەوە، دەروازەکە بەناوی “ئۆڤاکۆی”ـیەوە دەبێت و دەبێتە دەروازەیەکی ستراتیژی و تورکیا بە بەسڕە و پاشان بە کەنداوی عەرەبییەوە دەبەستێتەوە.

رۆژنامەی سەباحی تورکی بڵاوی کردووەتەوە، ئەو دەروازەیە دەبێت رێگایەکی خێرای بازرگانی، بە شێوەیەک لە ماوەی دوو رۆژدا کۆنتێنەرە بازرگانییەکان دەگەنە تورکیا و بە پێچەوانەشەوە.

ئۆڤاکۆی دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی سلۆپیی سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستانەوە و نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە دوورە.

پێشبینی دەکرێت بە کردنەوەی دەروازەکە قەرەباڵغی و جموجۆڵی بازرگانی لەسەر دەروازەی ئیبراهیم خەلیل کەم ببێتەوە.

ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق زیاتر لە 20 ملیار دۆلارە و کردنەوەی ئەو دەروازەیە رێژەکە زیاتر دەکات.