ئەو بازگەیەی لە ناحیەی گەرمک دانراوە. وێنە:964+
تا کۆتایی بەهار ئەو بازگەیە لەوێ دەبێت
بازگەی هۆشیاری بۆ پاراستنی گیا بەهارییەکانی پێنجوێن دانرا
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
بەمەبەستی پاراستنی گژوگیا بەهارییەکان پۆلیسی دارستانی ناحیەیی گەرمک دوو بازگەی لەسەر رێگای کوێستانەکانی پێنجوێن داناوە و هۆشیاری دەدەن بەو کەسانەی کە دەچنە کوێستانەکان.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی دارستانی گەرمک بە 964ی راگەیاند، لە دوو جێگا بازگەیان داناوە و هۆشیاری بەو کەسانە دەدرێت کە دەچنە کوێستانەکان لە رێگای بروشۆرەوە تاوەکو گیا بەهارییەکان لە رەگ و سەلکەوە هەڵنەکەنن.
وتیشی، “بازگەکە کاتییە و رێگری ناکرێت لە چوونی هاوڵاتیان بۆ کوێستانەکان، بەڵام ئەگەر بزانین ئاسنیان پێیە ئەوا داوایان لێدەکرێت بەکاری نەهێنن و هیچ گیایەکی بەهاری لە رەگەوە پێ هەڵنەکەنن، دوای تەواوبوونی گیا بەهارییەکان، بازگەکە هەڵدەگرێت”.
هاوکات ئەوەشی خستەروو، ئەو کەسانەی دەچنە کوێستانەکان دوای گەڕانەوەیان پشکنین بۆ گیا بەهارییەکان دەکرێت و ئەگەر بێت و بەسەلک رەگەوە گیای هەڵکێشابێت ئەوا دادگای لێ ئاگادار دەکەنەوە و دادگا هەر بڕیارێک بدات جێبەجێی دەکەن.
پێشتر رێکخراوی ملەکەوە، هۆشداری دابوو لە لەناوچوونی گیا بەهارییەکان و بە 964یان راگەیاندبوو، گیایی “کاشمە” کە گیایەکی بەهارییە، بۆ ئەمساڵ لە کوێستانەکان دەرنەهاتووە.
ئەمڕۆ رێکخراوەکە بەئامادەبوونی قایمقامی قەزای پێنجوێن و ئەنجومەنی گوندەکان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا تاوەکو هاوڵاتیان ئاگادار و هۆشیار بکەنەوە لە پاراستنی گیا بەهارییەکان.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی