لەدەربەندیخان کارەبا بەدەست کارمەندانی کارەباوە حاڵى خراپە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
گەڕەکێکی دەربەندیخان کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای دەربەندیخانن دانانی پێوەری زیرەکی کارەبا رەت دەکەنەوە، ئەوەش ناڕەزایەتیی دانیشتوانی شارەکەی بەدوای خۆیدا هێناوە.
گەڕەکەکە ناوی سیروانە و بە کەمپی خوار بەناوبانگە. نزیکەی ٣٥٠ ماڵ لەو گەڕەکەدان و بەهۆی ئەوەی هەر لە کۆنەوە گەڕەکی کارمەندانی کارەبا و بەنداوی دەربەندیخان بووە، فیدەرێکی تایبەتی کارەبایان هەیە و ٢٤ کاتژمێر کارەبایان هەیە.
باست عەزیز شێخانی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای دەربەندیخان بە 964+ـی راگەیاند: بە پێی بڕیاری حکومەتی هەرێم هەوڵ درا سیستمی پێوەری زیرەکی کارەبا بۆ ئەو گەڕەکە دابندرێت، بەڵام دانیشتوانەکەی نەیانهێشت.
“ئێستا دانیشتوانی دەربەندیخان بەستنی پێوەرەکە رەت دەکەنەوە، چونکە دەڵێن ئەوان کارەبای ٢٤ کاتژمێریان هەیە ناهێڵن ئێمە چەند کاتژمێرێک کارەبامان هەیە بۆ بهێڵین پێوەرمان بۆ دابندرێت”، باست عەزیز شێخانی وای وت.
964+ دەزانێت، ئەو کۆمپانیایەی پێوەری زیرەکی کارەبا دادەنێت کارەکانی راگرتووە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادار کردووەتەوە تا چارەسەرکردنی کێشەکە دەست بە کارکردن ناکاتەوە.
پێوەری زیرەکی کارەبا بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو. بڕیارەکە وابوو لە رێگەی ئەو پێوەرەوە هەموو ماڵێک ٤٠ ئەمپێڕ کارەبای دەدرێتێ و کارەبای نیشتیمانی دەکرێت بە ٢٤ کاتژمێری.