نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاریی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی - وێنە: 964
لە ماوەی مانگی رابردوودا
لە سلێمانی هەر رۆژێک نزیکەی 600 منداڵ چوونەتە نەخۆشخانە
964+
پێشەوا محەمەد
مانگی رابردوو 18 هەزار و 561 منداڵ بردراونەتە نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری د.جەمال ئەحمەد رەشید لە سلێمانی و هەزار و 950یان هێڵدراونەوە، لەو رێژەیە بەرزترینی حاڵەتەکانی هەناسەتووندی بوون.
بە پێی ئامارێک کە 964 لە تەندروستی سلێمانییەوە دەستیکەوتووە، 391 حەڵەتی سکچوون و رشانەوە و وشکبوونەوە و 734 حاڵەتی هەناسەتوندی تۆمار كراوە و 168 منداڵ لە بەشی نەبەكام داخڵ كراون، 161 منداڵ لە بەشی بەدخۆراكی و 207 منداڵ لە بەشی تیشك و دەمار و 149 منداڵ لە بەشی راهێنانەوەی چارەسەری خۆراك بینراون.
هەر لەو ماوەیەدا 12 هەزار و 728 پشكنینی تاقیگەیی جۆراوجۆر و 359 سۆنەر و 102 ئیكۆ ئەنجام دراوە و 359 تیشك گیراوە و 29 نازۆریش ئەنجام دراوە.
ئاوات قەرەداغی، پزیشکی پسپۆڕی هەناوی لە نەخۆشخانەکە بە 964ـی راگەیاند، وەرزەکە هی پەتایە و منداڵانێکی زۆر بەهۆی گۆڕینی وەرزەوە و گەرما و سەرما تووشی هەڵامەت و هەناسەتووندی دەبن.
وتیشی، “نەخۆشخانەکە خزمەتێکی بەرچاو بە منداڵان دەکات و سەرجەم خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی بەرزدا پێشکەش دەکات”.