چى لێدێت؟
گرژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و ئێران بەهای دۆلاری بەرزکردەوە
964+
شیراز عەبدوڵا- هەولێر
گرژییەکانى نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەهاى دۆلارى لە بازاڕەکانى هەرێم بەرز کردەوە و ژمارەیەک خەڵک دینارەکانیان کرد بە دۆلار.
هەرچەندە ئەمڕۆ یەکشەممە، بانکى ناوەندى عێراق زیاتر لە 283 ملیۆن دۆلارى خستە بازاڕەوە کە 24 ملیۆن دۆلارى بەشێوەی کاش بووە، بەڵام دۆلار بەرز بووەوە.
کەیفى خۆشناو، ئەنجومەنى بۆرسەى دارایى هەولێر بە 964ـى وت،”گرژییەکانى نێوان ئێران و ئیسرائیل بووەتە هۆى دڵەراوکێ لەناو خەڵکدا، بەو هۆیەوە بەشێکى زۆر لە خەڵک دینارەکانیان کرد بە دۆلار بەو هۆیەوە دۆلار بەرز بووەتەوە.
بە بۆچونى کەیفى خۆشناو، بەرز بوونەوەکە کاتییە و ئەو کەسانەى دۆلاریان کڕیوە بچن بیفڕۆشنەوە دۆلار دادەبەزێت.
لە کاتى داخستنى بازاڕەکانى دراو، نرخى 100 دۆلار بۆ 149 هەزار دینار بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا دوێنێ نرخى 100 دۆلار بە 148 و 100 دینار بوو.
داڕشتنەوە: وریا فەتاح