ژمارەیەک باڵەخانە تێکدران

کۆڕنیشەکەی زاخۆ گەیشتە کۆتا قۆناغی دروستکردن

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

ژمارەیەکی دیکە لە دوکان و فەرمانگە حکومییەکان بۆ کۆڕنیشەکەی زاخۆ تێکدران، بڕیارە پرۆژەکە فراوانتر بکرێت و هەر باڵەخانەیەک ببێتە بەربەست دەروخێندرێت و قەرەبوو دەکرێتەوە.

کۆرنیشەکەی زاخۆ کە دەکەوێتە سەر لێواری خابور، لە قۆناغی یەکەمدا تەنیا لەسەر روبەری یەک کیلۆمەتر دروستکرا، دواتر ئیدارەی زاخۆ بڕیاریاندا بە دوو قۆناغی تر بیکەنە سێ کیلۆمەتر، واتە لە پردی دەلال تا دەگاتە پردی خانی.

لە قۆناغی یەکەم و دووەمدا چەندین چایخانە و کافێ و خواردنگە لەسەر لێواری خابور بەر کۆرنیشەکە کەوتن و هەموویان قەرەبووکرانەوە. لە قۆناغی سێیەمیشدا پێنج دوکان و چوار فەرمانگە بەرکەوتن کە پێک دێن لە (بینای ئاسایش، سەخبێری کارەبا، سەنتەری رۆشەنبیری، بانکی خابور ) و بەپێی زانیارییەکانی 964 شوێن بۆ هەموو فەرمانگەکان بەشێوەیەکی کاتی تەرخانکراون.

موشیر محەمەد، قایمقامی زاخۆ بە 964ـی راگەیاند، ئەو فەرمانگانەی کە بەر پرۆژەکە کەوتوون لە هەندێک شوێنی تر کاروباری خۆیان بەڕێدەکەن و دواتر چارەسەری بنەڕەتیان بۆدەکرێت. پرۆژەکەش تا مانگی 11 تەواو دەبێت.

چیا ئەمین، بەرێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ بە 964ـی وت، ئەمە دەبێتە کۆتا قۆناغی کۆرنیشەکەی زاخۆ، نافورەیەکی ئاو بەشێوازێکی سەردەمیانە دروستدەکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە دوای ئەوەی کۆرنیشەکەی زاخۆ دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ئیدارەی زاخۆ بڕیاریدا تەواوی لێواری خابور لە پردی دەلالەوە تا دەگاتە پردی خانی کە کۆتا خاڵی بازاڕی زاخۆیە ببێتە کۆرنیش و شوێنی گەشتیاری.

پێداچوونەوە: هاوبەش

بەبێ زانینى گوژمەى تیچوونەکەى کۆڕنیشەکەى زاخۆ نۆژەن د...

بەبێ زانینى گوژمەى تیچوونەکەى کۆڕنیشەکەى زاخۆ نۆژەن دەکرێتەوە