خۆیان تۆمار نەکردووە

هۆشداری دەدرێتە 500 وانەبێژ ئەگەری هەیە دانەمەزرێن

964+

ژووری هەواڵ

تاوەکو ئێستا 500 مامۆستای وانەبێژ زانیارییەکانیان لە سیستەمی ئی پەروەردە داخڵنەکردووە، نوێنەرەکەشیان دەڵێت، ئەوە دەبێتە هۆی بێبەشبوونیان لە دامەزراندن.

سیستمی ئی پەروەردە ئێستا کارایە بۆ تۆمارکردنی زانیاری مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو، پێویستە تا سبەی رۆژی دووشەممە رێکەوتی 15.4.2024 سەرجەم داتاکان نوێبکرێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 14.4.2024، عەلی رەئوف، كه‌ وه‌كو نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ له‌هه‌رێمی كوردستان خۆی ناساندووه‌، بە 964ـی راگەیاند، تاوەکو ئێستا 500 مامۆستای وانەبێژ رەگەزنامە و بڕوانامەی خۆیان داخڵنەکردووە لە سیستەمی ئی پەروەردە.

عەلی رەئوف داوا لە مامۆستایانی وانەبێژ دەکات دڵنیا ببنەوە لە تۆمارکردنی ناوەکانیان، “ئەگەر نا بێبەش دەبن لە دامەزراندن”.

بەوتەی عەلی رەئوف، ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان 37 هەزار مامۆستای وانەبێژە کرێی مانگانەیان 15 ملیار دینارە.

وەزارەتی پەروەردە بۆ وانەبێژان: زانیارییەکانتان تۆمار...

وەزارەتی پەروەردە بۆ وانەبێژان: زانیارییەکانتان تۆمار بکەن