عەسکەر جموجۆڵەکانی بۆ ئاشتی پەک ناخات
رۆژنامەیەکی عێراقی: توركیا بنكە سەربازییەكانی لە هەرێمی کوردستان فراوان دەكات
فەرهاد حەسەن
سوپای تورکیا دەستیکردووە بە دروستکردنی رێگای سەربازیی نوێ بەمەبەستی بەیەكەوەبەستنی بنكە سەربازییەکانی لە زنجیرە چیاکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆک و رێگریی لە گەڕانەوەی دانیشتوانی گوندەکانی ئەو ناوچانە دەکات.
ئەم زانیارییە لەلایەن رۆژنامەی مەعلومەی عێراقی لە رێگەی راپۆرتێکەوە بڵاوكراوەتەوە، کە پشتی بەستووە بە سەرچاوە ئاگادارەكان، دەڵێت “تیمە ئەندازیارییەکانی سەر بە هێزە چەکدارەکانی تورکیا دەستیانکردوە بە پرۆسەی کردنەوەی رێگا لە زنجیرە چیایەکی زۆر لێژ لە رۆژهەڵاتی دهۆک، بە ئامانجی بەهێزکردنی هێڵەکانی پەیوەندی و پشتگیری لۆجستی لە نێوان شەش خاڵی جێگیربوونی سەربازیدا.
ئەو زنجیرە چیایە، چەندین گوندی کوردنشینی تێدایە کە ساڵانێکە دانیشتوانەکەی ئاوارەبوونە و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە شوێنەکانیان، لە کاتێکدا زەوییە کشتوکاڵییەکانیان گۆڕاوە بۆ “زەوییە قەدەغەکراوەکان”، ئەوەش لە ئەنجامی سەپاندنی کۆنترۆڵی تورکیا کە رێگری لە گەیشتن بەو ناوچانە دەکات بە بیانوی دۆخە ئەمنییەکانەوە.
بەپێی رۆژنامە عێراقییەكە، سەرەڕای ئەو لێکتێگەیشتنە راگەیەندراوانەی نێوان ئەنقەرە و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە)، لایەنی یەکەم هێشتا بەردەوامە لە بەهێزکردنی پێگە سەربازییەكانی لە زنجیرە چیا گرنگەکاندا، بەتایبەتی ئەوانەی هێڵەکانی پشتگیری لۆجستی دابیندەکەن.
ئەو سەرچاوەیەی قسەی بۆ رۆژنامەكە كردوە دەڵێت “ئەم جموجوڵانە گوزارشت لە هەوڵێکی بەردەوام دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەی زیاتر، لەگەڵ بەردەوامیی رێگری لە گەڕانەوەی خەڵکی گوندەکان بۆ ماڵ و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان سەرەڕای ئارامبوونەوەی دۆخەكە”.
ئەوە لەكاتێكدایە كە تیمی کوردستانی رێكخراوی CPTـی ئەمریكی لە كۆتاییەكانی مانگی شوباتی ئەمساڵدا بڵاویكردەوە، سەرباری پرۆسەی ئاشتی و راگرتنی شەڕ لە نێوان توركیا و پەكەكە، بەڵام سوپای توركیا بەردەوامە لە دروستکردنی بارەگای سەربازی نوێ، بەهێزترکردنی بارەگا سەربازییە کۆنەکان، بنیاتنانی رێگەی سەربازی، تەقاندنەوەی چیاکان و بڕینەوەی دارستانەکانی هەرێمی كوردستان، ئەوەش نیگەرانییەكان لەبارەی ئایندەی پرۆسە ئاشتی لە توركیا زیاتر دەكات.
ئەو رێكخراوە کە لە رێگەی تیمەکانیانەوە چاوی لەسەر بارودۆخی سنوورەکانی هەرێمی کردستانە باسی لەوەشكردووە، لە ساڵی 2025 دا، سوپای تورکیا هەزار و 718 هێرش و بۆردومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، کە لەم ژمارەیە هەزار و 426 هێرشیان لەدوای راگەیاندنی پڕۆسەی ئاشتی بووە و نۆ هاوڵاتی مەدەنیش بونەتە قوربانی ئەو هێرش و بۆردومانانە.