کوتانی منداڵێک دژی نەخۆشی سورێژە _ وێنە: ئاژانسەکان
دژە بە نەخۆشی سورێژە
هەڵمەتی دوو هەفتەیی کوتانی قوتابیان دەستیپێکرد
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ یەكشەممە و لەگەڵ كردنەوەی دەرگای خوێندنگە و باخچەكانی ساوایان، هەڵمەتی كوتانی منداڵان دژی نەخۆشی سورێژە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، پلانەکە وایە لە رێگەی سێ هەزار و 280 كارمەندەوە، نزیكەی 873 هەزار و 191 منداڵ بكوترێن.
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، داوا لە دایكان و باوكان دەكات هاوكاری تیمەكان بكەن بۆ كوتانی منداڵەكانیان.
هەڵمەتەكە ئەمڕۆ یەكشەممە 14.4.2024 دەستپێدەكات و ماوەی دوو هەفتە دەخایەنێت، كە منداڵانی باخچەی ساوایان و قوتابیانی قۆناغی یەكەم تاوەكو قۆناغی شەشەمی بنەڕەتی دەگرێتەوە.
بەپێی گشتاندنێكی وەزارەتی پەروەردە بێت، ئەو هەڵمەتە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێمەوە ئەنجام دەدرێت، هەڵمەتێكی گشتگیر و فراوانی سەرتاسەریی لە هەرێمی كوردستان دەبێت و بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدراڵ، رێكخراوی تەندروستیی جیهانی WHO و رێكخراوی یونسێف بەڕێوەدەبرێ.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە 964ی وت، سورێژە نەخۆشییەكی ڤایرۆسی گواستراوەیە، وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی گرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان و نەوەكانی ئایندە، لە ئەمڕۆوە هەڵمەتەكە دەستپێدەكات.
بە گوێرەی توێژینەوە زانستییەکان سورێژە، تەنیا تاو و پەڵەی سوری سەر پێست ناگرێتەوە، ھەندێ جار سەردەکێشێت بۆ ماکەکانی، بە تایبەت لە منداڵاندا لە شێوەی ھەوکردنی گوێ و لەدەستدانی بیستن و ھەوکردنی سییەکان و پەردەی مێشک و ھەندێ جار مردنی یەک بۆ دوو نەخۆش لە ھەر هەزار نەخۆشێکی لێدەکەوێتەوە.
چاوەڕێ دەكرێت هەزار و 94 تیمی تەندروستی، كە پێكهاتوون لە سێ هەزار و 280 كارمەند و هەزار و 100 سەرپەرشتیار، 10 هەزار و 916 سەردان بۆ سێ هەزار و 981 قوتابخانە و باخچەی ساوایان بكەن، كە هەزار و 100 ئۆتۆمبێلیش ئامادەكراوە بۆ گواستنەوەیان.