"مامه‌ڵه‌ى خراپ له ‌دیوى توركیا هۆكارێكه"‌

گەشتکردن بۆ تورکیا کەمبووتەوە

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

بەراورد بە جەژنەکانی رەمەزانی ساڵانی رابردوو، رێژەی گەشتیاران بۆ تورکیا بە رێژەی زۆر لە دەروازەی سنوری ئیبراهیم خەلیلی سه‌ر به‌ زاخۆ کەمبووتەوە، هۆكاره‌كانیش جیاجیان.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە چەندین سەرچاوە دەست 964 کەوتووە، پێش جەژن بە هەفتەیەک تا رۆژی سێیەمی جەژن قەرەباڵغییه‌کی زۆر له‌ ده‌روازه‌ى ئیبراهیم خه‌لیله‌وه‌ دروست ده‌بوو كه‌ گەشتیاران له‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌چوونه‌ وڵاتی تورکیا.

زۆرینه‌ى گه‌شتیاره‌كان به‌مه‌به‌ستى کات بەسەربردن بوو به‌شێكشیان بۆ چاره‌سه‌رى تەندروستی و بازرگانی گەشتیان دەکرد.

چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گشتى گەشتوگوزاری زاخۆ بۆ 964 ئاشكراى ده‌كات گەشتەکان بۆ تورکیا بە رێژەی له‌‌ 90% کەمبووەته‌وه‌، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانیش، گرانبوونی ڤیزای تورکیایه‌.

وتیشی “پێشکەوتنی کەرتی گەشتیاری لە هه‌رێمی کوردستان بەگشتی و زاخۆ بەتایبەتی، دروستکردنی بەربەست بۆ گەشتیاران له‌ دیوی تورکیا دوو له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كیانن بۆ کەمبوونه‌وه‌كه‌”.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، به‌شێكی خەڵکی هه‌رێم لەجیاتی ئەوەی گەشت بۆ دەرەوە بکەن و پارە له‌وێ خه‌رج بكه‌ن، گەشتی ناوخۆ دەکەن.

لای خۆشییەوە نافیع محەمەد بازرگانێکی زاخۆیە بۆ 964 پێیوایه‌، مامەڵەی خراپی کارمەندانی تورکیا و لاوازی باری دارایی خەڵک و گرانی ڤیزای تورکیا هۆکارن بۆ کەمبوونەوەی گەشتیار.

ئەمە لەکاتێکدایە پێش گرانبوونی ڤیزای تورکیا و دواكه‌وتنى موچه‌ فه‌رمانبه‌ران، خەڵک بە لێشاو گەشتیان بۆ تورکیا دەکرد، به‌تایبه‌تیش لە دەوروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن

قەرەباڵغی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل هیشتا چارەسەر نەبوو...

قەرەباڵغی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل هیشتا چارەسەر نەبووە