جوتیاران دەبێت خۆیان ئامادە بکەن

وەرزی چاندنی تۆوی بەرهەمی کشتوکاڵی لە پێنجوێن دەستیپێکرد

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

هێشتا مانگێکی ماوە وەرزی کشتوکاڵکردن لە پێنجوێن دەستپێبکات، بەڵام ئێستا جوتیاران دەستیانکردووە بە بەرهەمهێنانی شەتڵ، ئەمەش لەرێگەی چاندنی تۆوی سەوزەکان.

محەمەد کەمال، ئەندازیاری کشتوکاڵی و رووەک بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، لەبەرئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی پێنجەوە وردە وردە کاری کشتوکاڵ لە پێنجوێن دەستپێدەکات، بۆیە جوتیاران پێویستیان بە لایەنی کەم مانگێک هەیە بۆ ئەوەی بتوانن شەتڵی بەرهەمەکانیان پیبگەیەنن، بۆیە لە ئێستاوە دەبێت تۆوەکان دابنێن.

وتیشی، جوتیاران پێویستە ئەو تۆوە لەگەڵ جۆرە پەینێکی تایبەتدا لەناو تەبەقی تایبەت دابنرێت، دوای ئەوەی تۆوەکەیان دانا، لە جێگایەکی گەرم هەڵدەگیرێت تاوەکوو تۆوەکە چەکەرە دەکات، ئێستا قۆناغی کەرەنتینەکردنی تۆوەکانە و دوای ئەوەی تۆوەکان هاتنە دەرەوە، دەبێت لە ژێر خانووی پلاستیکی دابندرێت و لە پلەی گەرمای بەرز هەڵبگیرێت.

ئەوەشی خستەروو، هەندێک تۆو پێویستیان بە کاتێکی زۆر هەیە تاوەکو بتەقن وەک تۆوی بیبەر، چونکە تۆوێکی رەقە و ماوەی هەفتەیەکی دەوێت و هەندێک تۆویش کەمتر لە چوار رۆژی دەوێت و بە ئاسانی دەتەقێت.

هاوکات ئەوەشی روونکردەوە، هەندێک جوتیار زەوییەکەی زووتر وشک دەبێتەوە و دەبێت تۆوەکەی زووتر ئامادەبکات و هەندێک جوتیاریش زەوییەکەی درەنگر وشک دەبێتەوە و لە کاتی گونجاوی خۆیدا تۆوەکەی دادەنێت.

پێنجوێن قەزایەکی سنووری پارێزگای سلێمانییە و خاوەنی 81 هەزار و 762 دۆنم زەوی کشتوکاڵییە و ساڵانە هەموو بەرهەمێکی هاوینەیی تێدا بەرهەمدێت و بە شوتی و تەماتەکەی بەناوبانگە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی