بڕیارێک بۆ پرۆژەکانی نیشتەجێبوون:
ئیتر بۆتان نییە خۆتان خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن
میدیازان – دیسکی سلێمانی – پێشەوا
لیژنەیەکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی یەک یەک پرۆژەکانی نیشتەجێبوون دەگەڕێت و ئەو رێنماییە کۆنە زیندوو دەکاتەوە کە دەڵێ خاوەنی پرۆژەکان خۆیان بۆیان نییە خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن بەڵکو دەبێ بیسپێرن بە کۆمپانیای دیکە.
خەدیجە عەبدولجەبار، ئەندامی لیژنەی پلان و پڕۆژەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە میدیازانی راگەیاند: بە پێی رێنمایی ژمارە ١ـی ساڵی ٢٠١٧ـی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە خزمەتگوزاریی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، نابێت ئەو کۆمپانیایەی پڕۆژەکە جێبەجێ دەکات خۆشی خزمەتگوزارییەکە بگرێتە ئەستۆ.
بە پێی زانیارییەکانی میدیازان، لیژنەکە لە ئەندامانی هەریەکە لە ئەنجوومەنی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنان و قائیمقامییەت و شارەوانیی سلێمانی دروست دەکرێت.
وتیشی: “ئێستا زۆربەی پڕۆژەکان ئەنجامدانی خزمەتگوزاری و دیاریکردنی پارە هەر لە لایەن کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکەوە دەکرێت و ئەوەش دەکرێت بەردەوام نرخی زیاد لە دانیشتوان بستێندرێت.”
بە پێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی، ٦٥ پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا هەن و نزیکەی ٤٠ پڕۆژەیان لە شاری سلێمانیدان.
“سکاڵایەکی زۆرمان بۆ دێت سەبارەت بە گرانیی خزمەتگوزارییەکان، بە بڕوای ئێمە هۆکارەکەی ئەوەیە دەبێت خزمەتگوزارییەکان لە کۆمپانیای جێبەجێکار وەربگرینەوە و لە زیادکردنی ئاشکرادا بدرێت بە کۆمپانیای جیاواز.” ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی وای وت.