بیرۆکەی دیکەشی هەیە
بەڕێوەبەرێکی کارەبا بیرۆکەی نوێی بۆ گەیاندنی رووناکی داهێناوە
964+
محەمەد عەلی – قەڵادزێ
عومەر محەمەد، بەڕێوەبەری هۆبەی رووناکی قەڵادزێ- یە، لە دەڤەری پشدەر، وەکخۆی دەڵێ، 35 ساڵە کار لە بواری کارەبا و رووناکی دەکات.
جگە لە ئەرکی رۆژانەی خۆی، لە کاتەکانی دیکەد لەناو فەرمانگەکەیدا سەرقاڵی تاقیکردنەوەی بیرۆکەیە تا داهێنانی جۆراوجۆر بکات، ئەوەش بۆ هەڵکردن و کووژانەوەی گڵۆپە لەناو تونێلدا، یەکێکی دیکەش لە بیرۆکە داهێنراوەکانی ئێستا بەکاردێت لە باڵەخانە بەرزەکان، کە ئامانجەکەی ئەوەیە زیادەڕۆیی نەکرێت لە بەکارهێنانی کارەبادا.
عومەر محەمەد بە 964ی وت، “نزیکەی ساڵێکە بەو دوو بیرۆکەیەوە خەریکم، تا بوون بە پرۆژەیەکی بەرکار و ئەو پێشی وایە ئەو کارانە داهێنانن و دەگمەنیشن”.
جگە لە کارەکانی خۆی، 79 کەسی فێری راکێشان و بەستنی کارەبا کردووە، کە ئەوانیش ئێستا خاوەن کاری خۆیانن، ئەو وتی، ئامانجم ئەوەیە خزمەتێک بە کۆمەڵگەی خۆم بگەیەنم، ئەگەر هاوکاری بکرێم، بیرۆکەی نوێم هەن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا