ئایا دەتوانێت بەدرەوشاوەیی بمێنێتەوە؟
ریال ئەمشەو یاری هەیە و چاوەکان لەسەر ڤینیسیۆسن
964+
سۆما حەکیم زادە
ئەمشەو یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین و هەستیارترین یارییەکانی قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانەی ریال مەدرید و مانچێستەر سیتی لە ئیسپانیا رووبەڕووی یەک دەبنەوە.
هاندەران و ستافی تەکنیکی ریال مەدرید هیوایان هەڵچنیوە لەسەر ڤینیسیۆسی بەرازیلی، چونکە ئەو ئێستا لە یاریکردنی لەگەڵ ریال مەدرید دەدرەوشێتەوە.
ئەم ئەستێرە بەڕازیلییە لە یارییەکەی بەرامبەر هەرسێ یانەی ئینگلیزی چێڵسی و مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوول توانیویەتی 11 گۆڵ تۆمار بکات و سێ ئەسیستیشی کردووە.
لە چامپیۆنزلیگدا چوار گۆڵی بەرامبەر چێڵسی تۆمارکرد و پێنج گۆڵ و دوو ئەسیستیشی بەرامبەر لیڤەرپوول تۆمارکرد و دوو گۆڵ و ئەسیستێکیشی بەرامبەر مانچێستەر سیتی تۆمارکرد.
ڤینیسیۆس لەم وەرزەدا یەکێک بووە لە باشترین یاریزانەکانی ریال مەدرید و یاریی زۆر باشی نیشانداوە بەتایبەتی لە بێرنابیۆ، بۆیە ئەمشەو چاوەکان لەسەر ئەم یاریزانەن و ئایا دەتوانێت لە یارییەکەدا بەردەوام بێت لە درەوشاوەیی؟