شەرمنە و زیان بە کەس ناگەیەنێت

شێرەکەى بەغداد کەوتە دەست پۆلیس

964+

وریا فەتاح

شێرەکەى بەغدا لەلایەن پۆلیسەوە دەست بەسەرکرا و بۆ باخچەیەکى ئاژەڵان گواسترایەوە و خاوەنەکەشى دەڵێت، بێ زیان و شەرمنە.

عەلى عامرى، هاوڵاتییەکى شارى بەغدایە و شێرێکى هەیە کە وەک خۆى بە 964ـى وت،”لە حەوت رۆژییەوە لامە و بەخێوم کردووە و وەک ئاژەڵى ماڵى لێهاتووە و رامکراوە و زیان بە کەس ناگەیەنێت”.

لە گرتەیەکى ڤیدیۆیدا، شێرەکە لە ناوچەیەکى نیشتەجێبوون دەرکەوتووە و پۆلیسى لێ ئاگادارکراوەتەوە ئەوانیش بۆ باخچەیەکى ئاژەڵان گواستویانەتەوە.

خاوەنەکەى باس لەوە دەکات، شێرەکە لە ناوچەى نیشەجێبوون ناژیت، بەڵکو لە کێڵگەیەکى دەرەوەى بەغدا دەژیت، بەڵام بۆ کوتان و چارەسەر هێناویانە بۆ بەغدا.

بە وتەى عەلى عامر، هەموو بەڵگەکانى هەیە کە خاوەندارێتى شێرەکە دەسەلمێنن و تەلەفونیشى بۆ بەرپرسانى هێزە ئەمنییەکان کردووە کە شێرەکە نەبەن، بەڵام رەتیان کردووەتەوە و بۆ باخچەیەکى ئاژەڵانى بەغدا گواستویانەتەوە.

خاوەنى شێرەکە ئەوکاتەى قسەى لەگەڵ 964 کرد لە بەسرە بوو، وتى،”بەزوویى دەگەڕێمەوە بەغدا و دەچمە دادگا و هەموو شتێک روون دەکەمەوە و دەیسەلمێنم کە شێرەکە هى منە و رامکراوە و زیان بە کەس ناگەیەنێت و خۆى لە خەڵک بەدوور دەگرێت”.

شێرەکە تەمەنى یەک ساڵە و لە حەوت رۆژییەوە لاى ئەو خاوەنەى ئێستایەتى، وەک خۆى دەڵێت لە سۆشیاڵ میدیا دەیان ڤیدیۆم هەیە کە لەگەڵ شیرەکە تۆمارم کردووە و ئەکاونتێکى هەیە نزیکەى 200 هەزار فۆڵەوەرسى هەیە کە ژیانى شێرەکە دەبینن.

“شێرەکە هەرگیز لە ماڵەوە دەرنەچووە، چیرۆکەکە لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە داوام لە یەکێک لە کرێکارەکان کرد هەندێک کەلوپەل لە سەربانەکە دابەزێنێت، لەو کاتەدا شێرەکە لەسەر دیوارەکە پاڵکەوتووە و ڤیدیۆى کراوە، بەڵام نەچووەتە دەرەوە، چونکە شێر لە خەڵک دەترسێت”. عەلى عامرى، واى بە 964 وت.

964 دیمه‌نى ده‌ركه‌وتنى سێ ورچ له‌ سنوورى شێروان مه‌ز...

964 دیمه‌نى ده‌ركه‌وتنى سێ ورچ له‌ سنوورى شێروان مه‌زن بڵاوده‌كاته‌وه‌