10 جێگەی پێ چاککراوە

سێ گەڵابە قیر بۆ رێگای گشتی پێنجوێن- سلێمانی دابینکرا

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پاراستن و چاککردنی رێگاوبانی سلێمانییەوە سێ گەڵابە قیر بۆ رێگای گشتی پێنجوێن – سلێمانی دابینکرا.

بەو سێ گەڵابە قیرە چاڵوچۆڵی رێگاکانی زیاتر لە 10 جێگا پڕکرایەوە.

ئەمیر سۆفی جەمال بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاراستن و چاککردنی رێگاوبانی پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، لە کارگەی قیری تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و چاککردنی سلێمانییەوە کە لە تانجەرۆ بەرهەمدێت سێ گەڵابە قیر دابینکراوە بۆ رێگای گشتی پێنجوێن – سلێمانی و ئەو دابینکردنە لە چوارچێوەی هیچ بودجەیەکدا نەبووە و ئەمڕۆش گەیشتووەتە پێنجوێن.

باسی لەوەشکرد، لە پێنجوێنەوە تاوەکو کەوڵۆس کەدرێژییەکەی 30 کیلۆمەترە، تەواوی چاڵوچۆڵی رێگاو بانەکە بەو سێ گەڵابە قیرە پڕکراوەتەوە.

وتیشی، لە نزیک ملەی نەڵمە و گوندی تەڕاتەوەن بەشێكی زۆری رێگاوبانەکە تێکچووە و هەڵکەندراوە، بەڵام توانراوە هەموو جادە و بانەکە پڕ بکرێتەوە و شوێنە تێکچووەکانیش چاک بکەنەوە.

باسی لەوەشکرد، تیمێک لە بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و چاککردنی رێگاوبانی سلێمانی هاتوونەتە پێنجوێن تاوەکو رێگاکە چاک بکەنەوە ئەوەش لەبەر ئەوەی تا ئێستا فەرمانگەی چاککردنی رێگاوبانی پێنجوێن نەکراوەتەوە و دەستبەکار نەبووە.

لەبارەی کردنەوەی فەرمانگەی پاراستن و چاککردنی رێگاوبانی پێنجوێن ئەمیر سۆفی جەمال ئەوەی خستەروو، سەرجەم رێکارەکانیان تەواوکردووە و وا بڕیارە دوای جەژن فەرمانگەی پاراستن و چاککردنی رێگاوبانی پێنجوێن بکرێتەوە و دەستبەکارببن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

دوای 9 کاتژمێر رێگای پێنجوێن بۆ سلێمانی کرایەوە

دوای 9 کاتژمێر رێگای پێنجوێن بۆ سلێمانی کرایەوە