بەدواداچوونی 964
حەوت رۆژە زێی دوکان لە نەوتە رەشەکە پاک نەبوەتەوە
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
ئێوارەى 28.3.2024، دوو تانکەرى سوتەمەنى کە نەوتى رەشیان هەڵگرتبوو، لە گەڕەکى فەرمانبەرانى قەزاى دوکان بەیەکیاندادا و بەهۆیەوە پاشماوەى سوتەمەنى ئەو دوو تانکەرە لەرێگەی ئاوەڕۆی گەڕەکەکە تێکەڵ بە ئاوى دوکان بوو، ئەمەش بووە هۆى راگیرانی پڕۆژەى ئاوى دوکان سلێمانى بۆ ماوەى دوو رۆژ.
دوای تێپەڕبوونی حەوت رۆژ بەسەر رووداوەکە، تا ئێستا کاریگەری نەوتە رەشەکە لەسەر زێیی دوکان ماوەو بەردەوامە لەپیسکردنی زێیەکە.
پەیامنێری 964 بەدواداچونی کردوە لەبارەیەوە دەرکەوت لە دوو شوێن کاریگەری نەوتە رەشەکە لەسەر زێی دوکان ماوە ئەوانیش، شوێنی تێکەڵ بوونی ئاوەڕۆی گەڕەکی فەرمانبەران بە زێیەکە، لەگەڵ خوار ناوچەی قەشقۆڵی، بەهۆی مانەوەی پاشماوەی نەوتەڕەشەکە لەقەراغی زێیەکە بەبەردەوامی تێکەڵ بەئاوی زێیەکە دەبێت، بەردەوامە لە زەرەر گەیاندن بە دەریاچەکە و ژینگەی دەوروبەری.
سیروان سەرحەد، قائیمقامی قەزای دوکان بۆ 964 وتی،”لەدوای رووداوەکەوە لەگەڵ سەرووی خۆمان لە هەوڵداین، لەڕێگەی پڕۆژەیەکەوە چارەسەری ئاوەڕۆی گەڕەکی فەرمانبەران بکەین راستەوخۆ نەڕژێتە زێی دوکان، بۆئەوەی هەرکات رووداوی هاوشێوە روویدا زێی دوکان پیس نەبێت، بەدواداچون دەکەین و فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی ئاگاداردەکەینەوە بۆئەوەی کاری پێویست بکرێت بۆ نەهێشتنی کاریگەری پاشماوەی ئەو نەوتە رەشەی رژاوەتە زێیەکەوە”.
964 لەگەڵ ئامانج جەلال وتەبێژی ئاوی سلێمانی قسەی کرد و ئەویش وتی، “دابەشکردنی ئاو لە هەردوو پرۆژەی ئاوی دوکان – سلێمانی کێشەی نییە، بەردەوام تیمەکانمان تاقیکردنەوە بۆ ئاوی زێیەکە ئەنجامدەدەن و گرفتی نییە، هەرکات بزانین گرفت لە ئاوی زێیەکە هەیە دابەشکردنی ئاو رادەگرین”.
پارێزەرانی ئاوی عێراق-کوردستان داوای هەنگاونانی خێرا دەکەن بۆ پاراستنی ئاوی دوکان بە تایبەت خوارووی ناوچەی قەشقۆڵی ،رێکخراوەکە لە رێگەی تیمەکانیانەوە بەدواداچوونیان کردووە لە قەزای دوکان.
بنوار رزگار ئەندامی دەستەی رێکخەرانی پارێزەرانی ئاوی عێراق-کوردستان بە 964ی وت، ” ئێمە خۆمان رۆشتینە سەر دەریاچەی دوکان، کاریگەرییەکانی رژانی نەوتەکە لەسەر ژیانی ئاوی و ژینگەی دەورووبەری رووبارەکە زۆر خراپ دەرکەتوون”.
بە قسەی ئەو رێکخەرە بێت، لە ڕووى زانستییەوە ئەوە سەلمێنراوە کە تەنیا یەک لیتر نەوت تواناى پیسکردنى زیاتر لە یەک ملیۆن لیتر ئاوى هەیە، تەنیا ئەوەندەش نا، بەڵکو کارلێککردنى ماددە هایدرۆکاربۆنییەکان لەگەڵ کلۆرین لە ئاودا دەبێتە هۆى بەرهەمهێنانى ئەو مادانەی هۆکارن بح شێرپەنجە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی