تۆنێک لە 17 بۆ 22 وەرەقەیە
بەرزبوونەوەی دۆلار کاریگەری کردووەتە سەر نرخی فافۆن
کاردۆست حسێن ـ هەولێر
بەرزبوونەوەی یان نزمبوونەوەی دۆلار کاریگەری لەسەر نرخی فافۆن هەبووە و وایکردووە رۆژانە لەگەڵ گۆڕانی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، نرخی فافۆنیش گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
هەڵۆ عەبدولحەمید لە هەولێر خاوەنی گەراجە و فافۆن و ماددەی دیکە دەکڕێت و کۆیان دەکاتەوە و بە کارگەکانی دەفرۆشێت، ئەو بە 964ـی وت، “ئێمە فافۆن بە دینار لە خەڵکی دەکڕین و بە دۆلار بە کارگەکانی دەفرۆشینەوە، نرخی تۆنێک فافۆنیش بەپێی جۆر و کوالێتییەکەی لە 17 بۆ 22 وەرەقەیە”.
بەپێی قسەکانی ئەو خاوەن گەراجە، ئەوان بۆ هەر کیلۆیەک فافۆن 2,500 دینار دەدەن بەو کاسبکارانەی لە کۆڵان و شەقامەکان کۆی دەکەنەوە.
لەسەر هەبوونی کارگەی فافۆن لە ناوخۆی کوردستان، هەڵۆ عەبدولحەمید بە 964ـی وت، “راستە لە سلێمانی و دهۆک کارگە هەیە، بەڵام ئەگەر لە هەولێریش هەبێت، بۆ ئێمە باشترە چونکە پارەیەکی کەمترمان بە کرێی گواستنەوە دەڕوات”.
پێداچوونەوە: هەژان هادی