بۆ سەلامەتی قوتابیان
پۆلیس لەپێش قوتابخانەکانی خورماتوو جێگیر دەکرێن
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
بڕیارە لەمەوبەدوا لەکاتی هەبوونی دەوامی قوتابخانەکان پۆلیسی هاتوچۆ لەبەردەم قوتابخانەکانی قەزای دوزخورماتوو دابنرێت.
قایمقامی خورماتوو لەگەڵ پۆلیسی هاتوچۆی قەزاکە لیژنەیەکیان پێکهێناوە و بڕیاریان داوە پۆلیسی هاتوچۆ لەبەردەم ئەو قوتابخانانە دابنێن کە لەسەر شەقامی سەرەکین.
عەمید موئەیەد عەباس بەڕێوبەری هاتوچۆی خورماتوو بە 964ی وت، بڕیارەکە دوای ئەوە هاتووە لەکاتی تەواوبوونی دەوامی قوتابخانەکان قەرەباڵغیەکی زۆر دروست دەبوو.
بەوتەی بەڕێوبەری هاتوچۆی خورماتوو ئەو پردەی بڕیار بوو دروست بکرێت لەناو سەنتەری قەزاکە لە قۆناغی دروستکردنە و بەتەواوکردنی قەرەباڵغی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەبێتەوە.
لەماوەی رابردوودا چەندین رووداوی شێلان هەبووە و بەو هۆیەوە دایک و باوکی قوتابیان لەبەردەم قوتابخانەکان دەوەستان، ئەمەش هۆکار بووە بۆئەوەی پۆلیسی هاتوچۆ لەبەردەم قوتابخانەکان دابنرێن، عەمید موئەیەد عەباس وادەڵێت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی