کەرکوک.. دانیشتوانی گەڕەکێک دژی روخانی خانوەکانیان خۆپیشاندانیان کرد

+964
كاروان ساڵحی- كەركوك

دانیشتوانی گەرەکی باروتخانەی شاری کەرکووک دژی بڕیاری روخاندنی خانوەکانیان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 14ی کانونی دووەمی 2023 ژمارەیەک لە دانیشتوانی گەڕەکی باروتخانەی شاری کەرکووک دژی روخاندنی خانوەکانیان و دروستکردنی شەقامێکی دووساید و موڵ و باخچەیەک خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا.

بە وتەی خۆیان ژمارەی ئەو خانوانەی کە بەر پرۆژەکە دەکەون زیاتر لە 400 خانو دەبێت.

 ئەحمەد عەلی دانیشتوی گەرەکی باروتخانە قسە بۆ +964 دەكات و دەڵێت ”لە دوای ساڵی 2003 لە زۆربەی گەرِەکەکان خانوی زیادەڕۆی دروستکرا و ئەم گەرەکەش یەکێکە لەوانە سەرەتا 15 مەتریان دەستنیشان کردوە بۆ دروستکردنی شەقام بەڵام ئێستا کراو بە 150 مەتر بۆ 200 مەتر”.

وتیشی ئەوەی لەنێو ئەم خانوانە دانیشتوە، زیاتر لە 13 ساڵە بەقەرز دروستی کردوە، تاکو ئێستا قەرزارە بۆ نمونە یەکێک لەوانە باوکى خۆیه‌تى.

 نەوزاد ئەنوەر، یەکێکی دیکەیە لە دانیشتووانی گەڕەکی باروتخانە بە 964+ـی وت “پێشووتر پڕۆژەکە لەوبەری شەقامەکە بوو، بەڵام بەهۆی سێ خانو کە رزای نەبوون تێکیبدەن، پڕۆژةکەیان گواستەوە ئەمبەرە کە زیاتر لە هەزار خانوی تێدایەو بەر پڕۆژەکە دەکەوێت، چووینە شارەوانی، ئەوان دەڵێن بێئاگاین، تەنانەت پۆلیسیش بێئاگایە”.

خۆپیشاندانەكەی دانیشتووانی گەڕەکی باروتخانە، سێ كاتژمێری خایاند و ژمارەشیان لە 100 كەس زیاتر دەبوو.

گەڕەكی باروتخانە، دەكەوێتە باكوری شاری كەركوك و ژمارەی دانیشتوانەكەی زیاتر لە سێ هەزار خانوە، شارەوانی كەركوك بەنیازە شەقامێكی دوو ساید و باخچەیەك لەوێ دروستبكات.