ئەمریکا خەریکی قایلکردنی چین و تارانیش دەڵێت ملکەچی هەڕەشەکان نابین
شەوی رابردوو لە کوردستان و ناوچەکە چی روویدا؟
ئەمریکا خەریکی قایلکردنی چینە و تارانیش دەڵێت: “ملکەچی هەڕەشەکان نابین”
شۆڕش قادری
سەرۆکی ئەمریکا لە چینە بۆ دەستەبەرکردنی کۆدەنگی دژبە ئێران، تارانیش دەڵێت، ملکەچی فشار و هەڕەشەکان نابن و لەو بەینەشدا درۆنبارانکردنی کوردستان هەر بەردەوامە؛
کورت و پوخت پێتان دەڵێین، لە 24 کاتژمێری رابردوو چی روویداوە؛
شی جینپینگ سەرۆکی چین پێشوازییەکی شاهانەی لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و شاندی یاوەری کرد، لە یەکەم کۆبوونەوەیاندا ترەمپ زۆر وەسف و سەنای شی جینگپینگی کرد و وتی، “بە هەمووان دەڵێم کە تۆ سەرۆکێکی گەورەی”.
سەرۆکی چینیش زۆر زیرەکانە ئەولای ترەمپ کەوت و وتی، “سەربەخۆیی تایوان و ئاشتی لە گەرووی تایواندا دوو شتن کە هەرگیز یەک ناگرنەوە، ئەگەر بەخراپی مامەڵە لەگەڵ کەیسی ئەو وڵاتەدا بکرێت، ئەوا ناکۆکی دەکەوێتە نێوان واشنتن و پەکینەوە”.
مارکۆ رۆبیۆ وەزیری ئەمریکا بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاند، واشنتن بۆ پەکینی روونکردووەتەوە کە هەر جۆرە پاڵپشتیکردنێکی ئێران، زیان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکەیان دەگەیەنێت.
مارکۆ رۆبیۆ: هیوادارین پەکین رازی بکەین کە رۆڵێکی چالاکتر بگێڕێت لە رازیکردنی ئێران بۆ پاشەکشەکردن لە پراکتیزەکانی لە ئاوەکانی کەنداو.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە لوتکەی وڵاتانی ئەندامی برێکس رایگەیاند، “رێگەچارەی سەربازیی چارەی ئەو بابەتانە ناکات کە پەیوەندیان بە وڵاتەکەمانەوە هەیە، ئێمە ئێرانییەکان هەرگیز ملکەچی فشار و هەڕەشەکان نابین و ئامادەین بەهەموو هێز و توانایەکەوە بۆ پارێزگاری لە نیشتمانەکامان بجەنگین”.
میدیای کۆریای باشوور لەزاری بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە، بەدووری دەزانن هیچ لایەنێکی تر جگە لە ئێران لەپشت هێرشی سەر کەشتییەکانیان بێت لە نزیک گەرووی هورمز، دەشڵێن، لەگەڵ یەکلابوونەوەی لایەنی هێرشبەر، هەنگاوی دیپلۆماسی دەگرنەبەر.
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند، شەوی رابردوو بە دوو درۆن کەمپی جێژنیکان لە نزیک هەولێر کراوەتە ئامانج، هێرشەکە زیانی گیانی نەبوو و لەماوەی جەنگی ئێراندا زیاتر لە 126 موشەک و درۆن ئاڕاستەی ئەو کەمپە کراوە.
ئەمڕۆ لە دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغداد/ رەسافە، دووەمین دانیشتنی دادگاییکردنی (حەجاج ئەحمەد حەردان عوبێدی)، جەلادەکەی زیندانی نوگرە سەلمان بەڕێوەدەچێت، یەکەم دانیشتنی 7ـی ئەم مانگە بوو.
هەر ئەمڕۆ پڕۆسەی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و 10 تۆمەتباری دیکە لە دادگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ماوەی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل بۆ خاوەن پێشەنگاکانی بۆ ماوەی یەک ساڵ درێژکردەوە.
درەنگانی شەوی رابردوو و لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود نزیک “هۆتێل تایتانیک”، رووداوێکی هاتوچۆ لەنێوان سێ ئۆتۆمبێلدا روویدا و بەهۆیەوە شۆفێرێک برینداربوو.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ مارکیتێک لە گەڕەکی ئەندازیاری هەولێر سووتا و لەلایەن سێ تیمی بەرگری شارستانییەوە کۆنتڕۆڵ کرا، ئاگرەکە تەنیا زیانی ماددی لێکەوتەوە.
پۆلیس سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەکانیان لە بنکەی عەربەت توانیویانە شۆفێرێک دەستگیر بکەن، کە بە ئۆتۆمبیلێکەوە دوو کەسی شێلاوە و خۆشی هەڵاتووە.