سەردانی لیژنەی بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە ئاوییەکان بۆ سەر جۆگە ئاودێرییەکە - وێنە: بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە ئاوییەکانی راپەڕین
"پێویستە سەرلەنوێ دروستبکرێتەوە"
جۆگەی سەرەکیی ئاودێریی چوارقوڕنە زیانی پێگەیشتووە
پێشەوا محەمەد
جۆگەی سەرەکیی ئاودێریی چوارقوڕنە زیانی پێگەیشتووە و بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕین دەڵێت، بەشێوەی کاتی چاکسازیی تێدا دەکەن.
964 لە بەڕێوەبەرایەتییەکەوە دەزانێت، زیانەکان بەهۆی باران و لافاوەوە بەو جۆگەیە گەیشتووە، بەشێکی شکاوە و لەژێر جۆگەکەش ترازان روویداوە.
سپاردە محەمەد، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، پێویستە جۆگەکە چاک بکرێتەوە، چونکە وەرزی ئاودان زۆری نەماوە و ئەو جۆگەیەش بەشێکی سەرەکییە بۆ جوتیارانی چوارقوڕنە بۆ ئاودانی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان.
وتیشی، “جۆگاکە بەهۆی ئەو کەلوپەلەی لافاو لەگەڵ خۆیدا هێناوە زیانی بەرکەوتووە و سەرچاوەی ئاوەکەشی سەدەکەی سەروچاوەیە، بەڵام لەبەرئەوەی زەوییەکی زۆری کشتوکاڵیی لەسەرە دەبێت هەرچی زووە چاک بکرێتەوە”.
بەڕێوەبەرایەتییەکە پلانی لابردن و دروستکردنەوەی جۆگەکەی هەیە و ئێستا لە قۆناغی نەخشەسازیدایە.
بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕین روونیشیکردەوە، ئەمساڵ چاکسازیی تێدا دەکەن و ئەگەر بوودجەیان بۆ دابین بکرێت ساڵی داهاتوو سەرلەنوێ جۆگاکە دروست دەکەنەوە، بەشێوەیەک کە جارێکی دیکە زیانی بەرنەکەوێت.