پلاستیک و قوتووەکانی کەلار و کفری دەکرێن بە کورسی و مێز

میدیازان – هونەر فارس – کەلار

لە کفری و کەلار رێکخراوێک چەندین سەبەتەی خۆڵی ئاسن دادەنێت تایبەتن بە پاشماوەی پلاستیک و قوتوو و دواتر لە پرۆژەیەکی ریسایکلیندا کورسی و مێز و کاڵای جیاوازیان لێ دروستدەکەن.

پرۆژەکە لەلایەن ریکخراوی وادی ئەڵمانی جێبەجێدەکرێت، رێکخراوەکە دەڵێت کورسی و مێزەکان کە دروستکران دەدرێن بە ناوەندەکانی خوێندن و خەڵک و ئەو شوێنانەی سەبەتە ئاسنەکانیان لێداناوە.

ژینگەپارێزانی رێکخراوی وادی ئەڵمانی دەچنە گوندەکان و نێو ماڵەکان قسە بۆ دایک و باوکی خوێندکار دەکەن و دەچنە خوێندنگەکانیش خەڵک لە زیانی پاشماوە پلاستیکییەکان هۆشیار دەکەنەوە.

ئەم پرۆژەیە لە مانگی هەشتی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە، تا ئێستا 6 سەبەتەی خۆڵی ئاسنی دانراوە، وەزارەتی دەرەوەی کەنەداش هاوکارە و تا مانگی دووی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

لەیلا ئەحمەد نوێنەری رێکخراوی وادی ئەڵمانی لە گەرمیان، بە میدیازانی وت، “ئامانجمان لەم پڕۆژەیە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە، هۆکاری ئەنجامدانی پڕۆژەکەش بۆ گۆڕانی کەش و هەوا و کەم بوونەوەی سامانیی ئاو و پیسبوونی ژینگەی ناوچەکە دەگەڕێتەوە، دەشمانەوێت لەم رێگەیەوە هەناسەیەکی پاک بە زەویی ببەخشین.”

ئەو خوێندنگانەی کە سەبەتەی خۆڵی ئاسنیان لێدانراوە پێنجیان لە کەلارن، لە کفریش تا ئێستا لە یەک خوێندنگە سەبەتەی خۆڵ دانراوە.