بایکۆت بەردەوامە

تا ئێستا نەخۆشخانەی گشتیی پێنجوێن نەکراوەتەوە

964+

کامیار کەمال –  پێنجوێن

تا ئێستاش نەخۆشخانەی گشتیی شەهیدانی پێنجوێن نەکراوەتەوە و بایکۆت بەردەوامە و داوای موچەیەکی دیکە دەکەن.

کارمەندەکان دابەشبوون بەسەر دوو بەشدا و بەشێكیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە دەوام و بەشێكی دیکەش دەڵێن، تا موچەی مانگی سێ وەرنەگرن ناگەڕێنەوە.

سەرچاوەیەک لە نەخؤشخانەکەوە بە 964ـی راگەیاند، بەرپرسی بەشەکانی نەخۆشخانە، دوێنێ دوای وەرگرتنی موچە داوایان لە کارمەندەکانیان کردووە بگەڕێنەوە بۆ دەوام، بەڵام تا ئێستاش دەستیان بە دەوام نەکردووەتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، ئێستا کارمەندانی تەندروستی بوون بە دوو بەشەوە و بەشێکیان دەڵێن، ناگەڕێنەوە بۆ دەوام تاوەکو موچەی مانگی سێ وەرنەگرن و بەشە ئیدارییەکانیش پێیان باشە بگەڕێنەوە بۆ دەوام.

سەرچاوەکە باسی لەوەش كرد، بڕیارێک هەیە بۆ ئەوەی سبەینێ بەشی ئێشکگری بکرێتەوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە بەشەکانی فریاکەوتن و منداڵبوون و پێشوازی نەخۆش و دوو سبەیش کارمەندانی دیکە بگەڕێنەوە و دوام ئاسایی ببێتەوە، بەڵام ئەوە دیار نییە جێبەجێ دەکرێت یان نا.

964 زانیویەتی، دوێنێ بەشێک لە کارمەندای تەندروستی لەکاتی وەرگرتنی موچەشدا واژۆیان کۆکردووەتەوە دژی “هەژماری من”.

لە رۆژی 25ـی ئەم مانگەوە، بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیانەوە نەخۆشخانەی گشتیی قەزای پێنجوێن داخراو کارمەندانی نەخۆشخانە بە بەشی فریاکەوتنیشەوە بایکۆتی دەوامیان کرد.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

نەخۆشخانەی گشتی پێنجوێن بەهۆی بایکۆتەوە داخرا

نەخۆشخانەی گشتی پێنجوێن بەهۆی بایکۆتەوە داخرا