پێویستە بیزانى

هەموو شتێک لەبارەى هەڵبژاردنەکەى تورکیاوە

964+

وریا فەتاح

بڕیارە رۆژى یەکشەممە، 31.3.2024، بیستەمین خولى هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى تورکیا بەڕێوە بچێت، کە تێیدا 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 کەس لە سەرتاسەرى ئەو وڵاتە مافى دەنگدانیان هەیە و سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى شارەوانى و ئەنجومەنى گشتى پارێزگا و ئەنجومەنى گوند و گەڕەکەکان، بۆ ماوەى پێنج ساڵ هەڵببژێرن.

لە هەڵبژاردنەکەدا 34 لایەنى سیاسیى رکابەرى دەکەن بۆ بردنەوەی سەرۆکی 30 گەورە شارەوانی و سەرۆکی شارەوانی 51 پارێزگا کە حەوت لەوان دەکەونە باکورى کوردستان، چاوەکانیش زیاتر لەسەر ئیستانبوڵە کە لە دەست لایەنى ئۆپۆزسیۆنە.

جگە لەوە سەرۆکی شارەوانی 1393 قەزا و 53 هەزار موختاری گوند و گەڕەک و ئەندامی ئەنجومەنی قسەڕۆشتووان، هەڵدەبژێردرێن.

هەڵبژاردنەکە، کاتژمێر 7:00ـى بەیانى دەستپێدەکات و 4:00ـى ئێوارە کۆتایى دێت، بەڵام لە 49 شارەوانى رۆژئاواى تورکیا، پڕۆسەکە 8ـى بەیانى دەستپێدەکات و 5ـى ئێوارە کۆتایى دێت، کاتژمیر 11:59 خولەکیش شەوى یەکشەممەش ئەنجامە بەراییەکان ئاشکرا دەکرێن.

لەبارەى جیاوازی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و پەرلەمانی ئەو وڵاتە، ئارام جەمال، شارەزاى بوارى سیستەمەکانى هەڵبژاردن بە 964ـى وت،”ئەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە جیادەکاتەوە ئەوەیە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا بەربەستی هەڵبژاردن لە بەردەم ئەو حزبانەدا نییە کە بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا دەکەن، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیادا رێژەی بەربەستی (7%) لە بەردەم حزب و هاوپەیمانێتییە بەشداربووەکاندا هەیە. هاوکات لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا تەنها دەنگدەرانی ناوخۆی تورکیا مافی ئەوەیان هەیە بەشداری لەم هەڵبژاردنە خۆجێیەدا بکەن و دەنگدەرانی دەرەوەی تورکیا ئەو مافەیان پێنەدراوە دەنگ بدەن.

بەپێى زانیارییەکانى ئەو پسپۆڕەى بوارى هەڵبژاردن، ساڵى 1930 یەکەمین خولی هەڵبژاردن بۆ شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە ئەنجامدراوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا، کە بیستەمین خولە، تەنیا دووجار هەڵبژاردنی شارەوانییەکان تورکیا دواکەوتووە، یەکەمیان بەهۆی کودەتای ساڵی (1960)وە بووە، کە بەهۆیەوە هەڵبژاردنەکە  سێ ساڵ دواکەوتووە و دووەمجاریش بەهۆی کودەتا سەربازییەکەی ساڵی ((1980ی کەنعان ئیڤرینەوە 2 ساڵ دواکەوتووە.

هەندێ وردە زانیارى دیکە لە بارەى هەڵبژاردنەکەوە بزانە:

49.41%ـى دەنگدەران نێرن و 50.59ـى دەنگدەران مێن.

زۆرترین ململانێ لە ئیستەنبووڵە؛ ئاکپارتی و جەهەپە دوو رکابەری سەرەکین.

گەورە شارەوانى ئیستانیوڵ لەدەست ئۆپۆزسیۆنە و لە هەڵبژاردنى پێشوتر لەدەست ئاکپارتى دەسەڵاتدار دەریان هێنا.

250 هەزار و 903 سندووقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا دانراون.

1002 سندووقی گەڕۆک بۆ کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دابینکراون.

ئەنجامى هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى پێشوو کە خولى 19ـەهەمین بوو و لە 20219 ئەنجامدرا بەم شێوەیە بوو:

ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی بردەوە.

جەهەپە 11 گەورەشارەوانی بردەوە.

هەدەپە سێ گەورەشارەوان بردەوە.

مەهەپە یەک گەورەشارەوانى بردەوە.

کەجەکە چالاکییە سەربازییەکانی تا دوای هەڵبژاردنی تورک...

کەجەکە چالاکییە سەربازییەکانی تا دوای هەڵبژاردنی تورکیا راگرت