نازاندرێت بڕه‌كه‌ى چه‌نده
عێراق قه‌ره‌بووى زيانەکانى لافاوى دهۆك ده‌كاته‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
حكومه‌تى عێراق ئه‌و داوایه‌ى په‌سه‌ندكردووه كه تێیدا داواى لێكرابوو قه‌ره‌بووى زیانه‌كانى لافاوه‌كه‌ى دهۆك بكاته‌وه، به‌ڵام دیار نییه ئه‌و بڕ و بودجه‌یه چه‌نده، كه عێراق بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كه دایناوه.
رۆژى 19.3.2024 له كاتى روودانى لافاوه‌كه‌ى دهۆك، په‌رله‌مانتارێكی كورد له به‌غدا به نووسراوى فه‌رمى داواى ئه‌و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى له سه‌رۆك وه‌زیران كردبوو، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئاماژه‌ى به سندوقى فریاگوزارى كردبوو كه حكومه‌تى عێراق بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى رووداوه سروشتى و حاڵته كتوپڕه‌كان دایناوه.
جه‌مال كۆچه‌ر په‌رله‌مانتارى كورد له به‌غدا، پێشتر به 964ـى وتبوو دهۆك و زاخۆ مافى خۆیانه له‌و سندوقه بودجه‌یان بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه بۆ دابین بكرێت، بۆیه ئه‌و نووسراوه‌ى ئاراسته‌ى سه‌رۆك وەزیران كردبوو.
کاروان یاروەیس، په‌رله‌مانتاری كورد له به‌غدا بۆ 964 ئاشكراى كرد، كه رۆژى 26.3.2024 كاتێك سه‌رۆك وه‌زیران لە پەرلەمان ئامادەبووە، بڕیاری قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی دهۆکی پەسەند کرد و بڕیارە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
به‌پێی ئه‌و راپۆرته‌ى كه لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانى بۆ ئه‌م قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یه پێشکەشی سەرۆکوەزیرانى كردبوو، داوای تەرخانکردنی بڕی 64 ملیار دینار کراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی لافاوەکەی دهۆک، به‌ڵام یاروه‌یس ده‌ڵێت “دیار نییه ئاخۆ ئه‌م بڕه وه‌كخۆى ده‌مێنێت یان كه‌متر ده‌كرێته‌وه”.
به‌هۆى لافاوه‌كه‌ى ئه‌م دواییه‌ى كه به‌شێك له ناوچه‌كانى هه‌رێمی كوردستانى گرته‌وه و زیانه‌كان زیاتر به‌ر پارێزگاى دهۆك و ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى زاخۆ كه‌وت و به‌هۆیه‌وه زیانى گیانى و مادى لێكه‌وته‌وه، له‌لایه‌ن ئیداره‌ى ئه‌م پارێزگایە و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ قەرەبووی بەشێک لە زیانلێکەوتووان کرایه‌وە.