سوێند بەخوا هەزارو روبعێکم پەیا کردووە

بێموچەیی کاسبکارانی شەکەت کردووە.. ببینە بزانە دەڵێن چی؟

964+

لە سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە پەیامنێرانی 964 چوونە بازاڕو لە حاڵی کاسبکارانیان پرسی، قسەیان لەگەڵ هەر کەسێک دەکرد دەیانوت بێ بازاڕییەکی زۆر خراپەو کەس شت ناکڕێت.

لەسلێمانی تەزبیح فرۆشێک وتی ”سوێند بەخوا ئەمڕۆ تائێستا هەزارو روبعێکم پەیا کردووە” شوتی فرۆشێکیش وتی پار هەر رۆژەو پیکابێک شووتیم دەفرۆشت، بەڵام ئەمساڵ بە 10 رۆژ پیکابێک ئەفرۆشم.

هەموو دەیانوت دەردەکە بەهۆی بێ موچەییەوەیەو کەس پارەی پێ نییە تا شت لەوان بکڕێت.

هەڵەبجە حاڵی لە سلێمانی باشتر نەبوو، کاسبکارەکان بەدیار دوکانی بێ موشتەرییەوە دانیشتبوون، دوکاندارێک وتی ئەمڕۆ تا نیوەڕۆ بایی 10 بۆ 15 هەزار لە دوکانەکەیدا موعامەلە کراوە، ”خەڵکەکەیان بە عام کردووە بە موچە خۆرو ئێستا موچەکەش نادرێت، خەڵک چاوەڕوانی حکومەتە موچەی بۆ بنێرێت و باخەڵی گەرم ببێتەوەو بازاڕی پێ گەرم بکەن”.

دهۆک هەروەک سلێمانی و هەڵەبجە بازاڕەکەی کزە، عەرەبانچی و پێڵاوفرۆشێک و بۆیاخچییەک قسەیان بۆ پەیامنێری 964 کرد، هەموویان دەیانوت حاڵیان باش نییە، گەنجە بۆیاخچییەک وتی، ”پار ئەم کاتانە وەڵا رێ نەبوو خەڵک بێت و بچێت، بەڵام ئێستا بازاڕ خاڵییە”.

ئەمە هەر بۆ ئەم سێ شارە نییە، لە هەولێرو باقی شارەکانی تری کوردستانیش وەزعی کاسبکاران هیچ باش نییە.

"لەبەر بێ موچەیی هاوڵاتیان ئەمپێرەکانیان کەم دەکەنەوە"